چەكفرۆشتن بازرگانییەكی نایاسایی هۆكاری ده‌یان ڕووداوی كوشتنه‌

بەپێی یاسای ژمارە 16ی چەك لە ساڵی 1993 كە تائێستا كاری پێدەكرێت، تەنیا مۆڵەتی هەڵگرتن و هەبونی چەك دراوە نەك مامەڵە پێوەكردنی، ئەوەش بەچەندین مەرج و ڕێكاری تایبەتەوە، كە بەشێكیان لە ڕێنمایی هێزە ئەمنییەكاندا دووبارە بووەتەوە.

ساڵی 2015 وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، بڕیارێكی بۆ ڕێكخستنەوەی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەك دەركردوە، بۆ سنورداركردنی ئەو دیاردەیە، بەوەش دەسەڵاتی پێدانی ڕەزامەندی هەبونی دەمانچە و تاپڕ دراوەتە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارەكان، بەڵام كڵاشینكۆف لە حاڵەتی زۆر پێویستدا، خودی وەزیر مۆڵەتی پێدەدات ،به‌ڵام وەزارەتی ناوخۆ هیچ مۆڵەتێكی كاركردنی بەدوكان و بازاڕەكانی چەكفرۆشی نەداوە، بەڵكو ئەوان لەژێر چاودێری ئاسایشدا كاردەكەن.

بازاڕی چەكفرۆشان، بەلای حكومەت و دامەزراوەكانیەوە پێچەوانەی تەواوی یاساكانە، لەگەڵ ئەوەشدا لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هەن و لەژێر چاودێری هێزە ئەمنییە فەرمییەكاندا، مامەڵە و بازرگانی دەكەن.

له‌بازاڕه‌كانی چه‌كفرۆشتن هەموو جۆرەكانی چەك دەستدەكەوێت، لە دەمانچەوە تاوەكو دۆشكە، بە فیشەك و تەقەمەنییەكانەوە، هەرچەندە ڕێكار و ڕێنمایی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام مەرج و ڕێككەوتنی كۆتایی لای فرۆشیار و كڕیارە ،ئێستا مامه‌ڵه‌ی چەكی گەورە لە بازاڕەكاندا زۆر كەمبووەتەوە،.. زیاتر دەمانچە و كڵاشینكۆف و هاوشێوەكانی هەیە.

مانەوەی بازاڕەكانی چەكفرۆشی لە كاتێكدایە، مانگانە دەیان ڕوداوی كوشتن و چەكداریی لە پارێزگاكانی هەرێم ڕودەدەن و بەوتەی هێزە ئەمنییەكان، هۆكاری سەرەكی زۆرینەیان بەربڵاویی چەك و هەبونیەتی لە ماڵاندا.

 

Back to top button