دایک و باوکی سێوان قادر سكاڵاكه‌یان له‌سه‌ر تۆمه‌تبارێكی كه‌یسه‌كه‌ كشانده‌وه‌

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشەممە ٣ی ١ی ٢٠١٩  ڕەمەک ڕەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ، ڕاگەیاند:” دوای ئەوەی ئافرەتێک لەسەر دۆسیەی سێوان قادر دەستگیر کرا و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵدا کرا،به‌ڵام دایک و باوکی سێوان قادر، سکاڵاکەیان لەسەر ئەو ئافرەتە کشاندووەتەوە و دادگا دوێنێ ئەو ئافرەتەی ئازاد کرد“.

قایمقامی چه‌مچه‌ماڵ گوتیشی :” ئەو ئافرەتەی لەسەر دۆسیەی سێوان قادر پێشتر دەستگیر کرابوو، دراوسێی ماڵی سێوان بووە، دایک و باوکی سێوان بۆیە سکاڵایان لەسەر ئەو ئافرەتە تۆمار کردووە، گوایە لەکاتی ئاگر کەوتنەوەکەدا ھێزە ئەمنییەکانی ئاگادار نەکردووەتەوە، بەڵام ئەو ئافرەتە چوەتە شوێنی ڕووداوەکە و ئەگەر هێزە ئەمنییەکانی ئاگادار نەکردایەتەوە، ڕەنگە سێوان قادر ئەو چەند ڕۆژەش نەژیایە، بۆیە ”دواجار دایک و باوکی سێوان قادر تەنازولیان بۆ ئەو ئافرەتە کردووە و ئێستا ئازاد کراوە”.

ڕه‌مه‌ك ڕه‌مه‌زان قایمقامی چەمچەماڵله‌باره‌ی دۆسیه‌ی سێوان قادر گوتیشی :” دۆسەی سێوان قادر لە دادگادا ماوە و دوێنێ دادگا داوای ڕاپۆرتی لە بەرگریی شارستانی کردووە و بڕیاری یەکلاکەرەوەش دواتر لەسەر دۆسیەکە دەدات”.

کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکی شەوی ١٦/١٢/٢٠١٨، لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا، سێ منداڵ گیانیان لەدەست دا و دایکەکەشیان بە سەختی بریندار بوو، بەڵام بەھۆی زۆریی ڕێژەی سووتانەکەیەوە، ڕۆژی دووشەممە ٢٣/١٢/٢٠١٨ لە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی گیانی لەدەست دا.

دواتر ھاوسەری سێوان قادر بەوە تۆمەتبار کرا کە خۆی ھاوسەر و منداڵەکانی سووتاندووە، بەڵام تا ئێستا ھۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە یەکلا نەبووەتەوە و لێکۆڵینەوەکان لەمبارەیەوە بەردەوامن.

Back to top button