گەشتی ئاسمانی نێوان باكور و باشوری كوردستان دەستپێدەكات

 

لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا وڵاتی توركیا ئابلوقەی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی هەڵنەگرتووە لە هەنگاوێكی نوێدا سەرۆكی ژووری بازرگانیی شاری ئامەدی باكووری كوردستان رایگەیاند بڕیارە لە مانگی داهاتووەوە، گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ لە نێوان هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و ئامەد دەستپێبكات.

محەمەد قایا سەرۆكی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد رایگەیاندووە “دەمەوێت مژدەی ئەوە بدەم كە مانگی شوبات، گەشتی ئاسمانیی هەولێر و ئامەد دەستپێدەكات”.

هەروەها گوتوویەتی “دەستپێكردنی گەشتی ئاسمانی نێوان هەولێر و ئامەد، سوودی زۆری بۆ كەرتی بازرگانیی شاری ئامەد دەبێت، چونكە هەولێر دەروازەیەكی گرنگی بازرگانییە بۆ ئامەد”.

ساڵی رابردوو، شاری ئامەد بە بەهای زیاد لە 200 ملیۆن دۆلار هەناردەی شتومەكی هەبووە و چاوەڕوان دەكرێت ئەو بەهایە لە داهاتوودا زیاتر بكرێت.

Back to top button