پۆچیتینۆ گوێ بە لێڤەرپوول و مانچستەر سیتی نادات

ماوریسیۆ پۆچیتینۆی راهێنەری یانەی تۆتنهام ئاشكرای كرد كە گرینگی بە ئەنجامی یاریی لوتكەی خولی نایابی ئینگلیزی لەنێوان هەردوو یانەی لێڤەرپوول و مانچستەر سیتی نادات كە بڕیارە سبەی پێنجشەم بەڕێوەبچێت.

یانەی تۆتنهام دوێنێ سێشەم لە گەڕی 21ی خولی نایابی ئینگلیزی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە 3 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی فولهامی بردەوە و بە كۆكردنەوی 48 خاڵ و بەجیاوازی خاڵێك لەگەڵ یانەی مانچستەر سیتی بەشێوەی كاتی هاتەوە ریزبەندی دووەمی یانەكان.

بڕیارە سبەی پێنجشەم لە یاریی لوتكەی گەڕی 21ی خولی ئینگلیزی یانەی مانچستەر سیتی پاڵەوانی وەرزی رابردوو لەنێو یاریگەی ئیتیحاد مێوانداریی یانەی لێڤەرپوولی پێشەنگ ئەم وەرزە بكات.

پۆچیتینۆ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی (بی بی سی)ی ئینگلیزی رایگەیاند: هەرچەندە سبەی سەیری یارییەكەی نێوان مانچستەر سیتی و لێڤەرپوول دەكەم و دڵنیام یارییەكی بەهێز و خۆش دەبێت، بەڵام گرینگی بە ئەنجامەكەی نادەم.

راهێنەری یانەی تۆتنهام جەختی كردەوە كە لە ئێستاوە خۆیان بۆ یارییەكەی رۆژی هەینی داهاتوو ئامادە دەكەن لە جامی یەكەتیی ئینگلیزی بەرامبەر یانەی ترانمێر رۆڤێرز.

جێی باسە ئەگەر یانەی مانچستەر سیتی لە یارییەكەی سبەی بەرامبەر یانەی لێڤەرپوول سەركەوتن بەدەستبێنێ یانیش یەكسانبێ ریزبەندی دووەمی یانەكانی خولی نایابی ئینگلیزی لە یانەی تۆتنهام دەستێنێتەوە.

Back to top button