سەرۆكی دەستەی دەست پاكی لە داهاتوو بەڵێننامەیەك بەسەرجەم فەرمانبەران پڕدەكرێتەوە

 

لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نوێ حكومەتی هەرێمی كوردستان, دەستەی دەستپاكی هەرێم بەڵێننامەی هەڵسوكەوتی وەزیفی بە فەرمانبەرانی هەرێم پڕدەكاتەوە و سەرۆكی دەستەكەش دەڵێت، ماوەی زیاتر لە ساڵێكە ئەو رێنماییە دەرچووە، بەڵام بە هۆی ئەوەی لەو ماوەیەدا نەیانتوانیوە چاپ و بڵاویبكەنەوە، كاركردن بە بڕیارەكە دواكەوتووە، دەشڵێت لە داهاتوودا پڕكردنەوەی ئەو بەڵێننامەیە دەبێتە مەرجی دامەزراندنیش.
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم رایگەیاند: ئەو بەڵێننامەیەی لە لایەن دامودەزگاكانی حكومەتەوە بەسەر فەرمانبەران دابەشكراوە، بەپێی رێنماییەكە كە پێشتر دەرچووە و كۆمەڵێك پڕەنسیپی نمونەیی لە خۆگرتوەوە بۆ هەڵسوكەوتی فەرمانبەر لە گەڵ هاوڵاتیان، سەرووی خۆی و هاوپیشەكانی و هەر فەرمانبەرێك دوای خوێندنەوەی رێنماییەكە، بەڵێننامەكە واژۆ دەكات.
هەروەها گوتیشی: ئەو رێنماییە بۆ هەڵسوكەوتی فەرمانبەر تاڕادەیەك لە عێراق و ولاتانی تریش هەیە و لە رێككەوتنامەی نێودەوڵەتی بۆ دژایەتی گەندەڵی سەرچاوەی گرتووە.
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم باسی لەوەشكرد، زیاتر لە ساڵێكە رێنماییەكە دەرچووە و لە وەقایعی كوردستاندا بڵاوكراوەتەوە و بە پێی یاساش یەكێك لە ئەركەكانی دەستەی دەستپاكی بڵاوكردنەوەی ئەو رێنماییەیە، بەڵام بە هۆی ئەوەی ژمارەی فەرمانبەران لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 800 هەزار كەسە، لەو قۆناغەدا نەیانتوانیوە بەڵێننامەكە چاپ و بڵاوبكەنەوە.
ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم لە درێژەی لێدوانەكەیدا گوتی: لەگەڵ دامودەزگاكانی حكومەت رێككەوتوون كە وێنەیەكی ئەو بەڵێننامەیان بۆ بنێرن و ئەوانیش بەسەر فەرمانبەرانی خۆیاندا دابەشی بكەن و ئەو بەڵێننامەیە دەچێتە دۆسیەی كەسی هەموو فەرمانبەران و ئەگەر لە داهاتووشدا دامەزراندن دەستپێبكاتەوە، دەبێتە مەرجێك بۆ دامەزراندن لە پاڵ بەڵگەنامە پێویستەكانی تر.
جەختیشی كردەوە، كە ئەگەر لە داهاتوودا باری دارایی باشتر بوو، رێژەیەكی زۆر لەو رێنماییە چاپ دەكەن بۆ ئەوەی هەر فەرمانبەرێك وێنەیەكی لەبەردەستدا هەبێت. راشیگەیاند، چاودێری جێبەجێكردنی ئەو رێنماییە دەكەن و پێشیان وایە بە جێبەجێ كردنی وەك خۆی كاروباری دامەزراوەكانی كەرتی گشتی بەرەو باشتر دەڕوات.

Back to top button