ئاسایشی یەکێتی چاودێریی کادیرانی پارتی و جموجۆڵەکانیان دەکات

ئاسایشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا، چاودێری دەخاتە سەر کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، پاش ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا دژە تیرۆری یەکێتی و لاهوور جەنگی، سەرخێڵ ئەکبەر حاجی ڕۆستەم، کادیری پارتی دیموکراتی کوردستانیان بەبێ هیچ هۆکارێك دەستگیر کرد و دواتر هەر یەکێك لە میدیاکانی یەکێتی چیرۆکێکیان بۆ دەستگیرکردنەکەی هۆنیەوە.

لەمبارەیەوە هۆشیار عەزیز، کادیری پارتی و بەرپرسی نووسینگەی سلێمانی کەناڵی (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: کادیرانی پارتی هەست بەوە دەکرێن کە لەلایەن ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتییەوە خراونەتە ژێر چاودێری، ئەمەش بارودۆخێکی نائارامی درووست کردووە. هەریەکێک لەو کادیرانە لە چاوەڕوانیی ئەوەدایە کە شەو بێت یان ڕۆژ بێت لەلایەن ئەو هێزە ئەمنییانەوە بە هەر بیانووێک بێت، دەستگیر بکرێن.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە سەرجەم کادیرانی پارتی لە سنوورەکەدا لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتییەوە ”فاریلیان بۆ کراوەتەوە“ و لە هەر بارگرژییەکدا دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە. دەشڵێت: ”نازانم ئەمە بۆ ترساندنە یان هۆکارەکەی چییە“.

هۆشیار عەزیز بە دووری نازانێت ئەو دۆخەی لەلایەن یەکێتییەوە درووست کراوە، هۆکارەکەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە یەکێتی بیەوێت پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوا بخات یان پارتی ناچار بکات، پشکی زیاتری حکوومەت بە یەکێتی بدات.

 

Back to top button