فازڵ میرانی پێشوازی له ستیڤ ڤیگن كونسوڵی گشتی ئهمریكا له ههرێمی كوردستان دهكات
ئەمڕۆ شهممه 5ی1ی2019 فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی، پێشوازی لە كۆنسووڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان ستێڤ ڤیگن و، جێگری كۆنسووڵی سیلڤیا بۆ كاروباری بازرگانی كرد.
فازڵ میرانی، وێڕای بەخێرهێنانی میوانەكان، سەری ساڵی نوێی لێیان پیرۆز كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە كارەكانیدا و هیوایشی خواست كە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا پەرەیان پێ بدرێت.
سكرتێری مەكتەبی سیاسی، لەم دیدارەدا ئاماژەی بە پەرەسەندنەكان و پێشهاتەكانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق كرد و گوتی: “لە لای ئێمە ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك گرینگە و هەروەها هەنگاوەكان و هەوڵەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ لایەنەكانی تری هەرێم بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێی بەهێز بۆ هەرێمی كوردستان، كە لە خزمەت خەڵكی كوردستاندا بێت بەردەوامن و، لەم پێناوەدا گفتۆگۆكان بۆ گەییشتن بە رێككەوتنێكی گونجاو، درێژەیان دەبێت.
لە تەوەرێكی دیكەدا، میرانی جەختی كردەوە كە دوای راگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە پڕۆسەیەكی سەركەوتووی دیموكراتی بوو، پارتی پلەی یەكەمی بە دەست هێنا، بەڵام لای پارتی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و پاراستن و سەقامگیریی ئەمن و ئاساییشی هەرێمی كوردستان، لە پێش هەر پلە و پۆستێك یا دەستكەوتێكدایە و ڕاشیگەیاند: “لای ئێمە ئیستیحقاقی ئینتخابی گرینگە، بەڵام نەك بە فیفتی بە فیفتی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیدا، چونكە ئەزموونی ساڵانی رابردوو سەلماندی كە ئەم سیستمە سەركەوتوو نەبوو، بەڵام پارتی رەچاوی مێژوو و سەنگی یەكێتیی نیشتمانی دەكات”.
لە لای خۆیەوە، كۆنسووڵی گشتیی ئەمەریكا، ستیڤ ڤیگن، سوپاسی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی كرد بۆ ئەم پێشوازییە و هیوای خواست بە زووترین كات حكوومەتی نوێی كوردستان پێك بهێنرێت، كە لە خزمەتی گەلی كوردستاندا بێت و گوتیشی: “ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوكاری و هەماهەنگیی نێوانمان بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی و عێراق بە گشتی”.