پارتی دوژمنی پەکەکە و دۆستی تورکیا ، لەنێوان واقع و ئیرهابی فکری دا

 

بهمن کاك عبداللە

لە دە ساڵی ڕابردوو دا ، پارتی بەحوکمی دراوسێتی و تاکە دەروازەی کوردستان بۆ جیهان ، پەیوەندیەکی بەهیز و بەسودی لە ڕیگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ حکومەتی تورکیا و بەتایبەتی لەسەردەمی حوکمڕانی ( ئاك پارتی ) دا ، هەبوە .

ئەم پەیوەندیەیی پارتی و حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئاك پارتی دا ، سودی گەورەی بەکورد بەگشتی و هەرێمی کوردستانی باشوور ، بەتایبەتی گەیاندوە ، بەنمونە هەندێك لەو سودانە باس دەکەم ، ۱ـ تورکیا هەمیشە دەروازەیەکی کراوە بووە بۆ کورد بەڕووی ئەوروپا و جیهان دا ، لەهیچ بارو دۆخێکدا ئەو دەروازەیە بەڕووی باشوردا دانەخراوە ، ۲ـ تورکیا ڕیگەی داوە بەکوردستان کە بۆری نەوتی هەرێم بەناو ووڵاتەکەیدا بباتە سەر بەندەری جیهان و نەوتی هەرێم بگەیەنریتە بازارەکانی جیهان ، بەم هەنگاوەش کوردستان کەوتە سەرنەخشەی وزەی جیهانی ، ۳ـ تورکیا هاوشێوەی دەوڵەت لەگەڵ هەرێمی کوردستان عەقدی ٥٠ ساڵەی هەناردە کردنی نەوتی کوردستانی ئیمزاکردوە و لە خراپترین دۆخی پەیوەندیەکانی هەرێم و تورکیا ، نەسنوری داخست و نە هەناردەی نەوتی ڕاگرت ، ٤ـ لەکاتی بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە ، تورکیا نزیکەی (۱ ملیار دۆلاری ) بەقەرزی بێ سود دایە حکومەتی هەرێمی کوردستان .

سودی ئەم پەیوەندیەیی پارتی و ئاك پارتی بۆ کوردستانی ڕۆژ ئاواش بوو، بەجۆرێك لەسەروبەندی هیرشی داعش بۆ سەر کۆبانی ، تورکیا ڕێگەی دا بە پێشمەرگەی کوردستان بەچەك و جوبەخانە و ئاڵای کوردستان ەوە ، بەناو ووڵاتەکەیدا بچنە هانای کوبانیەوە و نەهێڵن بکەوێت ، لەکاتێکدا ئەو هیزەی لە کوبانی بوو باڵێکی پەکەکەی دوژمنی تورکیا بوو .

سودی ئەم پەیوەندیەیی پارتی و ئاك پارتی بۆ کوردانی باکوور و هەدەپەش هەبوو بەجۆرێك پرۆسەی ئاشتی لەباکور زۆر بەرەو پێشەوە رۆشت و هەدەپەش لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەربەستی ۱٠٪ تێ پەڕاند و ئۆردوگان و ئاك پارتیش دەستی ئاشتی و هاوپەیمانیان بۆ درێژکردن بەڵام هەدەپە لەژێر فشاری پەکەکە و موزایدەی یەکیتی و حزبەکانی دیکەی باشوور ، ئەو هاوپەیمانیەیان رەت کردەوە و شەڕانگیزی پەکەکەش هەموو شتی لەکوردی باکور و هەدەپە تێکدا .

سەرەڕای ئەم پەیوەندیە بەهێز و بەرهەم دارەی نیوان تورکیا و هەرێمی کوردستان ، کامپەکانی پەکەکە لە باشور پارێزراو بوون و زۆرترین خۆپیشاندانیان دەکرد دژی تورکیا لە هەولێری پایتەخت ، و لەو ماوەیەش دا هەردوو سەرۆک بارزانی و کاك نێچیرڤان بارزانی دەیان جار سەردانی تورکیایان کردوە و فەرشی شین یان بۆ ڕاخراوە و ئاڵای کوردستانیان بۆ دانراوە ، بەڵام هیچ کام لەو دوو زاتە بۆ جارێکیش نە تاجە گوڵینەیان خستە سەر گۆڕی ئەتاتورک و نە بە پەکەکە یان گووت تیرۆریست .

لەو مێژوەی پەیوەندی بەهیزی تورکیا و پارتی دا ، ئۆردوگان و تورکیا بۆیەکجار داواکاریەکیان لە بارزانی بوو ، ئەویش ئەنجام نەدانی ڕیفراندۆم بوو بەڵام بارزانی داواکەیانی رەتکردەوە و ڕیفراندۆمی ئەنجام دا .

کەچی حزبە بەناو دۆستەکانی پەکەکە و دوژمنانی تورکیا ، لەریگەی ڕاگەیاندنە فەرمی و سێبەرەکانیان و لەڕێگەی ماکینەی ئیرهابی فکریەوە ، خەلکی زۆنی ملەوەنیان بەوە گەوجاندوە گوایە پارتی پیاوی تورکیایە و دوژمنی پەکەکە ! لەکاتیکدا هەرکاتیک لە میژوودا تورکیا پیکەنینیکی بەروی سەرکردەکانیان کردبیت تاجە گوڵینەیان خستوەتە سەر گۆڕی ئەتاتورک و خۆیان بۆی چەماندوە و بەپەکەکەیان گوتوە تیروریست و چالاکیەکانیان لەسنوری خۆیان قەدەغەکردوە و چالاکوانەکانیان بەرشەق داوە ، لەکاتیکدا ئەو حزبانەی زۆنی ملەوەن هیچ سنوریکی جوگرافیان لەگەڵ تورکیا نیە .

ئێستا ئێوەی خوێنەر بەخویندنەوەی ئەو راستیانەی مێژوو و واقعی ئیستا بڕیار بدەن کێ دۆستی کوردە و کێ دۆستی تورکە ؟؟ مێژوو تاسەر بۆ کەس چەواشە ناکرێت ، ڕووداوەکان ڕاستی بۆ خەڵك ڕوون دەکەنەوە .

 

Back to top button