سەركردەیەكی یەكێتی هەڕەشەی دوو ئیدارەی دەكات, دەشلێت راستە پارتی لەهەولێر و دهۆك زۆرینەی هێناوە, بەڵام ئێمەش لە سلێمانی زۆرینەمان هێناوە
دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی رابردووی كوردستان توانی زۆرترین كورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت, وەك بڕاوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان دەستی كردووە بە گفتوگۆكردن بۆ پێكهێنانی حكومەت, لە بەرامبەردا یەكێتی ئەگەرچی رێژەیەكی كەمی كورسی بەدەستهێناوە بەڵام داواكاریی زۆری بۆ پێدانی پۆست هەیە لە كابینەی نوێ, ئەمەش وەك گرێی گەروەی بەردەم پێكهێنانی حكوومەت دەبینرێت, هەروەها سەركردەیەكی یەكێتی هەڕەشەی دوو ئیدارەی دەكات
مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان, لە چوارچێوەی رێزلێنان لە تیپی وەرزشی هەڵەبجە رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی یەكێتیی دژی دوو ئیدارەییە لە هەرێمی كوردستان، بەڵام “ئەگەر قازانجی خەڵك لەم سنوورە بكەوێتە مەترسییەوە، هیچ لاریمان لەوە نییە”، كە مەبەستی راگەیاندنی دوو ئیدارەییە.
لە درێژەی وتارەكەیدا سەنگاوی دەڵێت: “راستە پارتی زۆرینەی هێناوە، بەڵام ئەوان (كە مەبەستی پارتییە)، لەولا زۆرینەیان هێناوە، ئێمەش لێرە زۆرینەمان هێناوە”.
ئەو سەركردەی یەكێتی، حزبەكەی لە حكوومەت وەك بەشدارێك دەبینێت و پێیوایە یەكێتی شەریكی راستەقینە نەبووە لە حكوومەت.
سەنگاوی راشیگەیاندووە، نموونەی دوو ئیدارەیی لە زۆر وڵات و هەرێم لە جیهاندا پەیڕەو دەكرێت.