میدیا ئەمریكیەكان: لە رۆژی سەردانەكەی ترەمپ بۆ عێراق تا كاتی گەڕانەوەی بنكەی سەربازی ئەمریكا لە رانیە داخرا

 

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ رۆژێك بەر لە سەری ساڵی نوێ لە رەوشێكی ئەمنی توند سەردانی عێراقی كردوو, چاوی بە سەربازانی وڵاتەكەی كەوت, سەردانەكەی ترەمپ بووە مایەیی سەرنجی میدیا عێراقیی و جیهانیەكان كە بەبێ‌ حسابكردن بۆ سێ‌ سەرۆكایەتیەكەی عێراق و بینینان گەیشتە عێراق و گەڕایەوە, میدیا جیهانیەكان دوای تێپەڕینی چەند رۆژێك بەسەر سەردانەكەی زانیاری نوێ‌ لە بارەی سەردانەكە بڵاو دەكەنەوە.

سەرچاوەیەكی ئەمەریكا لە عێراق رایگەیاند، ئەو هێزانەی لەسەر سنووری عێراق و سووریا جێگیركرابوون، لە ناوەڕاستی كانوونی یەكەم/ دیسەمبەری 2018 هێنرابوونەوە ناو بنكە سەربازییەكە بەر لە سەردانەكەی ترەمپ بۆ بنكەی سەربازی “عەین ئەسەد” لە ئەنبار.

سەرچاوەك دەشڵێت: “كارمەندە عێراقییەكان كە لەگەڵ هێزە ئەمەریكییەكان كاردەكەن، لە رۆژی سەردانەكەی ترەمپ، مۆڵەتی ناچاریان پێدرابوو، بەبێ ئەوەی هۆكارەكەی بزانن”.

هاوكات بنكەی سەربازی ئەمەریكا لە رانیەش لە رۆژی سەردانەكە داخرا و تەواوی پەڕاو و دۆسیەی تایبەت بە كارەكان هێنرانە دەرەوەی بنكەكە.

سەرچاوەكە روونیشی دەكاتەوە، كارمەندە عێراقییەكان سێ رۆژ بەر لە سەردانەكەی ترەمپ، كاتێكی سەختیان هەبووە و وایانزانیوە گوازراونەتەوە بنكەی دیكە، یان هەندێكیان لە كارەكانیان دوورخراونەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ وردەكارییەك بزانن.

ئەو سەرچاوەیە كە ناسنامەكەی ئاشكرا نەكراوە، دووپاتی لەوە كردووەتەوە، حكوومەتی عێراقیش ئاگاداری سەردانەكەی ترەمپ نەبووە، تا ئەو كاتەی دوو كاتژمێر مابوو فڕۆكەكەی ترەمپ، بگاتە بنكەی سەربازی عەین ئەسەدی ئەنباڕ، ئینجا عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە سەردانەكە ئاگادار كراوەتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، رۆژی چوارشەممە، 26ی كانوونی یەكەم/ دیسەمبەری 2018، بە سەردانێكی نهێنی چووە بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لە ئەنباری رۆژئاوای عێراق و دوای سێ كاتژمێر مانەوە لەگەڵ سەربازانی وڵاتەكەی، عێراقی جێهێشت.

ترەمپ لە بارەی سەردانەكەی رایگەیاند، كە مەترسی لەسەر پێگەی سەرۆكایەتی ئەمەریكا هەبووە، بەو پێیەی رەوشی ئەمنی عێراق لە بار نییە.

سەرچاوە: مەعلومە

Back to top button