ئهندامێكی سهركردایهتی پارتی وڵامێكی توندی ئاراستهی یهكێتی كرد
بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای دەكات، بیرۆكەی دوو دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان كۆتایی هاتووە و لوولەی تفەنگەكان بڕیار نادات، بەڵكو هێزی هەمووان لە سندووقی دەنگدانە.
ئاراس حەسۆ میرخان دۆلهمهری ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، لە چەند رۆژی رابردوو گرتنی كادیرانی پارتی و یەكێتی لە گەرمیان و هەولێر بووەتە هۆكار بۆ دڵەڕاوكێ لە ناو خەڵكی كوردستان و زۆر خەڵكی دڵسۆز لە هەموو لایەك بە هەستكردن بە بەرپەسیاریەتی داوای هێوركردنەوەی بارودۆخەكەیان كردووە، چونكە ترسی ئەوەیان هەیە دۆخەكە بۆ شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی بگەڕێتەوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی ئاشكرای كردووە، با خەڵكی كوردستان دڵنیا بێت كە زۆر لەمێژە سەرۆك بارزانی و پارتی بڕیاریان داوە كە بە هیچ شێوەیەك ئێمە بیر لە شەڕی ناوخۆ ناكەینەوە، ئەگەرچی بەداخەوە هەندێك كەس و لایەن تا ئەمڕۆش هەستیان بەو جیاوازییە مەزنەی قۆناغی ئەمڕۆ و ساڵی 94 نەكردبێ و یان نەیانەوێ ئەم جیاوازییە قبووڵ بكەن و بە تایبەت ئێستە و لە كاتی ئامادەكاری بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت.
ئاماژەی داوە، ئەو كەسانە دەیانەوێ بە نانەوەی ئاژاوە وا نیشان بدەن كە كوردستان تا ئەمڕۆش دوو دەستەڵاتی جیاوازی هەیە، بەڵام ئەم بیرۆكەیە كۆتایی پێ دێت و ئەم دۆخە كاتییە، ئەو لایەنانەش دەبێ بزانن خەڵكی كوردستان خاوەن بڕیارە و هێزی هەمووان لە سندووقی دەنگدانە نەك لە لوولەی تفەنگ.
لەبارەی چارەسەری دۆخەكە میرخان نووسیویەتی، ئێستە هەوڵێكی دوولایەن هەیە ئەم دۆخە بە خێرایی كۆتایی پێ دێت و كار لە پێكهێنانی حكوومەت ناكات و حكوومەت دەبێتە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و رێ نادرێت چەند كەسانێك بۆ بەرژەوەندی خۆیان دۆخی كوردستان ئاڵۆز بكەن، ساڵی نوێ دەبێتە ساڵی گەشەكردنی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا.