عه‌لی عه‌ونی : هه‌ڕه‌شه‌ى دوو ئیداره‌یی خیانه‌تێكى تره‌ و گرووپى خیانه‌تكاران ده‌یكه‌ن

 

 

عه‌لى عه‌ونى ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ نووسینێكى ده‌ڵێت، دڵنیام ئه‌گه‌ر له‌ناو یه‌كێتی نیشتمانی هه‌ندێك كه‌س دژی لێدوانی مه‌حموود سه‌نگاوی له‌ راگه‌یاندندا هه‌ڵوێستیش وه‌ربگرن، ئه‌مه‌ گه‌مه‌یه‌ و رۆڵ دابه‌شكردنه‌.

ئه‌ندامه‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى ئاشكراى كردووه‌، هه‌موویان یه‌ك ده‌گرن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی (ئه‌گه‌ر وه‌ك ئێمه‌ نه‌بێت، تێكی ده‌ده‌ین)، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر داوا ده‌كه‌ن حكوومه‌تی نوێی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای په‌نجا به‌ په‌نجا پێك بێت، ئه‌ی ئیتر هه‌ڵبژاردن و ماندووكردنی خه‌ڵكی دڵپاكی كوردستان بۆ چییه‌؟. ئاماژه‌ى داوه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی دوو ئیداره‌یی ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ خیانه‌ته‌ له‌ خوێنی شه‌هیدان و ماندوویه‌تی پێشمه‌رگه‌ و قوربانیدانی كوردستانیان، به‌ڵام خه‌ڵك ده‌زانێت ئه‌وه‌ی خیانه‌تی ستراتیجیی 16ـى ئۆكتۆبه‌ری كرد و كه‌ركووك و نیوه‌ی كوردستانی به‌ رێككه‌وتنێكی گوماناوی راده‌ستی حه‌شد كرد، زۆر ئاساییه‌ لاى كه‌ ئه‌م خیانه‌ته‌ش بكات.

دوێنێ‌ مه‌حموود سه‌نگاوی یه‌كێك له‌و به‌رپرسانه‌ی یه‌كێتی كه‌ پێشتر ره‌خنه‌ی توندی له‌ بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی گرتووه‌، ته‌نانه‌ت زۆر جار له‌ شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كوڕانی جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌ڵامی یه‌كتریان ده‌دایه‌وه‌، به‌ڵام دواتر به‌هۆی وه‌رگرتنی ئیمتیازه‌وه‌ ره‌خنه‌كانی راگرت، ئێسته‌ داوای دوو ئیداره‌یی ده‌كات.

Back to top button