مه‌سعود حه‌یده‌ر : په‌یامه‌كه‌ی تره‌مپ له‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت بۆ ئێران هۆشدارییه‌ بۆ كورد

قسەکانی دۆناڵد ترەمپ, سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی هەندێک لایەنی کوردی کە نەوت بە ئێران دەفرۆشن, کاردانەوەی جیاوازی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ .

ڕۆژانە ٣٠ بۆ ٦٠ هەزار بەرمیل نەوت لە کەرکووکەوە بۆ ئێران بە ڕێگای تەنکەرەوە هەناردە دەکرێت. پسپۆڕێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش پێیوایە، قسەکانی ترەمپ هۆشدارین و لە ئەگەری گوێنەگرتنی ئەو لایەنانە کاردانەوەی واشنتن توندتر دەبێت.

مه‌سعود حه‌یده‌ر ئه‌ندامی خولی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاند :” ڕێكه‌وتنی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر مه‌سه‌له‌ی ڕێكه‌وتنی نه‌وتیشی تێدایه‌ و له‌ بنره‌تدا پرۆژه‌یه‌ك هه‌بوو بۆ دروستكردنی بۆرییه‌كی نه‌وت كه‌ له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ بگاته‌ ئێران به‌ڵام سه‌ری نه‌گرت ،هه‌رچه‌نده‌ دوای خیانه‌تی 16ـی ئۆكتۆبه‌ریش ڕۆژانه‌ نه‌وت له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ 30بۆ 60 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی ئێران كراوه‌”.

ئه‌ندامه‌كه‌ی خولی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق گوتیشی :” په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا زۆر ڕوون بوو ،ئه‌گه‌ر تا ئیستا چاوپۆشی له‌ بابه‌تی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوك بۆ ئێران كرابیت ،چیتر قبوڵه‌ ناكات نه‌وتی كه‌ركوك هه‌نارده‌ی ئێران بكرێت “.

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا نیگه‌رانی خۆی له‌ چه‌ند لایه‌نێكی كوردی نیشاندا، كه‌ به‌قسه‌ی خۆی نه‌وت به‌ ئێران ده‌فرۆشن و داواشی لێ كردن، ده‌ست له‌ مامه‌ڵه‌كردن و بازرگانیكردن به‌ نه‌وت له‌گه‌ڵ ئێران هه‌ڵگرن.

Back to top button