رۆبن لە یانەیەكی گەورەی ئیتاڵیا داواكاری پێ دەگات

ئارین رۆبنی ئەستێرەی هۆڵەندی و یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی لەلایەن یانەیەكی گەورەی ئیتاڵیاوە داواكاری پێ گەیشتووە.

یانە ئیتاڵییەكەش یانەی ئینتەر میلانە كە خوازیارە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا دوای تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی بایرن میونشن بیباتە ریزی تیپەكەیەوە.

ماڵپەڕی (ئینتەر نیوز)ی ئیتاڵی ئاشكرای كرد: یانەی ئینتەر پلانی داڕشتووە لە هاوینی داهاتوو رۆبنی تەمەن 35 ساڵ بەبەلاش و بێ بەرامبەر دوای تەواوبوونی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی بایرن میونشن بیباتە ریزی یانەكەیەوە.

رۆبن پێشتر رایگەیاندبوو كە گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی بایرن میونشن بۆ ماوەی وەرزێكی تر نوێ ناكاتەوە، ئەمەش وای لە یانەی ئینتەر میلان كردووە هەوڵی رازیكردنی بدات.

جێی باسە رۆبن بەر لەوەی پەیوەندی بە یانەی بایرن میونشنەوە بكات پێشتر لە ریزی یانەكانی ریال مەدریدی ئیسپانی و چێڵسی ئینگلیزی و ئایندهۆڤنی هۆڵەندی یاریی كردبوو.

Back to top button