ئەمڕۆ زیاتر لە یەك ملیۆن تاقیكردنەوە لە هەرێمی كوردستان دەكرێت
لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان و بە بەشداری زیاتر لە ملیۆنێك و 100 هەزار قوتابی لە قۆناغی چوارەمی بنەڕەتی بۆ ١١ی ئامادەیی، تاقیكردنەوەی كۆتایی وەرزی یەكەم/ خولی یەكەمی پۆلە ناكۆتاكان دەست پێ دەكات.
ئەمڕۆ دووشەممه۷ـی ۱ـی ۲۰۱۹، بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان ئاشكرا كراوە، ئەمڕۆ بە ملیۆنێك و 100 هەزار قوتابی تاقیكردنەوەكان دەست پێ دەكەن.
ئاماژە دراوە، حكوومەتی هەرێم بە پێی توانای دارایی ئەم قۆناغە قورسەی كوردستان، هەمیشە پاڵپشتی خوێندن و فەراهەمكردنی كەشێكی ئارام بووە بۆ پرۆسەی خوێندن و جێبەجێكردنی ئەزموونەكان، بۆیە لەسەر قوتابییان پێویستە كاتەكانیان بەفیڕۆ نەدەن و ئەو ماوە كورتەی كە بۆ ئەم پرۆسەیە دانراوە، دوور بكەونەوە لە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان و یاریكردن پێیان تا نمرەی باش بەدەست بهێنن.
وەزارەتی پەروەردە داوای ئەوەشی كردووە كەسوكاری قوتابی لە ماڵەوە هەوڵی دروستكردنی كەشێكی ئارام بۆ منداڵەكانیان بدەن و پاڵپشتێكی بەهێزی دەروونی و پەروەردەییان بن و پاڵەپەستۆیان لەسەر دروست نەكەن و ڕەچاوكردنی كاتی پێویست بۆ خوێندن و خواردنی تەندرووستییان بكەن.
هاوكات سەرپەرشتیارێکی وەزارەتی پەروەردە ڕای گەیاند، ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان بەیەكەوە كارێكی قورسە وەزارەتی پەروەردە دەیكات، بەڵام گرنگی خۆشی هەیە كە یەك پرۆسە لەیەك كاتدا بەڕێوە دەچێت.
ئەو سەرپەرشتیارە زیاتر گوتی، خوێندنی ئەمساڵ تا ئاستێك ئارامی بەخۆیەوە بینیوە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو كە شەڕ هەبوو، بۆیە ئاستی قوتابییانیش باشتر دەبێت و مامۆستایانیش تا ئاستێك بۆ ئەمساڵ گوزەرانیان باشترە.