سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان راگەیاندراوێكی لەبارەی سەردانی عەبادی بڵاو كردەوە

خواكوڕك
 
لە راگەیاندراوێ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئێواره‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ ٥ی١١ی٢٠١٦ بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە یاوەریی شاندێكی باڵای سەربازیی سوپای عێراق سەردانی شاری هەولێری كرد و له‌ فرۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر لە لایەن به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و ژمارەیەك بەرپرسی باڵای هەرێم پێشوازیی لێكرا.
 
لەراگەیاندراوەكە دا هاتووە، له‌ کۆبووونەوەیەكدا هەنگاوەكانی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادکردنه‌وه‌ی مووسڵ و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و دوا سەركەوتن و پێشڕەوەییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی سوپای عێراقی لە میحوەرەكانی باكوور و ڕۆژهەڵات و باشووری مووسڵ تاوتوێ کرا. هەروەها هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان نیشاندا بە ئاستی بەرزی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە چوارچێوەی پلانی ئازادكردنی موسڵ كە بووەتە هۆی بەدیهاتنی دەستكەوت و سەركەوتنی گەورەی سەربازی و تێكشكاندنی خێرای تیرۆریستانی داعش.
 
لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە هەر لەم دانیشتنەدا هەردوولا ستایشی قوربانیدان و قاره‌مانێتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و هێزه‌ عێراقیه‌کان و سەرەخۆشیان لە خانەوادەی شەهیدان كرد و هیوای چاكبوونەوەیان بۆ بریندارنی شەڕی دژی تیرۆر خواست.
له‌ ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی دیداره‌که‌ی سه‌رۆک بارزانی و سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق باس له‌ ره‌وش و گوزه‌رانی ئاواره‌کانی مووسڵ و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری بۆ ناوچه‌ ئازادکراوه‌کان کرا، له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییەكانی پارێزگای نەینەوا ده‌ورووبه‌ری کرایه‌وه‌.
 
لەكوتای راگەیاندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم دا هاتووە، جێگەی ئاماژەپێكردنە له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا که‌ به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و مه‌سرور بارزانی ڕاوێژکاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان و که‌ریم شنگالی وەزیری ناوخۆ و وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ به‌ وه‌کاله‌ت و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم ئامادە بوون.
Back to top button