سه‌ربازگه‌ی كه‌یوه‌ن له‌ نیوان هاتنی هێزی زیاترو ئاڵوگۆری هێزه‌كانی ئه‌مریكا

سه‌ربازگه‌ی كه‌یوه‌ن به‌دوری 15كم ده‌كه‌وێته‌ باكوری خۆرئاوای كه‌ركوك و له‌ ئێستادا جگه‌ له‌ هێزه‌كانی حكومه‌تی عیراق، به‌شێك له‌ سه‌ربازه‌كانی ئه‌مریكاش لێی جێگیرن.

عەقید ئەفراسیاو کامیل، گوته‌بێژی پۆلیسی كه‌ركوك ڕایگه‌یاند: “لەچەند رۆژی رابردودا هێزێکی ئەمریکی هاتوونەتە سەربازگەی کەیوه‌ن، هاتنى ئەو هێزە له‌ چوارچێوەی ئاڵوگۆڕدا بووه‌ هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، لە سەرەتای ئەمساڵیشدا ئەمریکا ئاڵوگۆڕی بە هێزەکانی لە سەربازگەی کەیوان کردووە”.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ چه‌ند ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن هه‌واڵی زیاتركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكایان له‌و سه‌ربازگه‌یه‌ بڵاوكرده‌وه‌ و جه‌ختیانكرده‌وه‌ له‌وه‌ی داواشیان له‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان كردووه‌ سه‌ربازگه‌كه‌ چۆڵبكه‌ن.

له‌باره‌ی زیادكردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سه‌ربازگه‌ی كه‌یوه‌ن ، گوته‌بێژی پۆلیسی كه‌ركوك ره‌تیكرده‌وه‌ و گوتی “ته‌نانه‌ت دوای ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ له‌ سه‌ربازه‌كانیان، فه‌رمانده‌كانی هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پۆلیسی كه‌ركوكیان كردووه‌، ئه‌وه‌ش زیاتر بۆ یه‌كترناسین بووه‌”.

هاوكات لای خۆیه‌وه‌ نووری حەمە عەلی، بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووکی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ده‌ڵێت : ” ئەمریکا ھێزێکی زیادەی ناردووە بۆ سەربازگەی کەیوەنی شاری کەرکووک و لەوێ جێگیری کردوون، بەڵام ھێشتا ئەجێندای سەرەکیی جێگیرکردنی ھێزی ئەمەریکا لە سەربازگەی کەیوەن بە دروستی دیار نییە، بەڵام بێگومان جێگیرکردنی ھێزی ئەمەریکا بەو قەبارەیەی ئێستا، پلانی خۆیانی تێدا ھەیە.”

به‌رپرسی میحوه‌ری ڕۆژئاوای كه‌ركوكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان گوتیشی :” ئێمە زانیاریمان لەبەردەستە کە ئەمەریکا داوای لەو ھێزانەی عێراق کردووە کە لە سەربازگەی کەیوەنن شوێنەکەیان بۆ چۆڵ بکەن، تا ھەموو ھێزەکانی ئەمەریکا لە کەیوەن کۆ ببنەوە و بکرێتە سەربازگەیەکی گەورەی ئەمەریکا.”

لە دوای خیانەتی ١٦ـی ئۆکتۆبەر کورد پۆستی پارێزگاری کەرکوک لە دەست داوە و بە بریارێکی حکومەتی عێراق پارێزگارێکی سەپێنراوو دانراوە بۆ شاری کەرکوک.

 

 

Back to top button