پارتی تێكەڵكردنی دۆسیەی خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەت ڕەت دەكاتەوە
ماموستایەكی زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین دەڵێ، تا یەكێتی لەو داواكاریانەی هەیەتی سازش نەكات ئەستەمە كۆبوونەوەكان بەرهەمیان هەبێت، چونكە پارتی هیچ كاتێك بەوە رازی نابێت خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر تێكەڵ بە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەت بكرێ.
د. ساڵح مەلا عومەر ماموستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین ڕای گەیاند، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كارێكی هەڵە دەكات دۆسییەكانی كەركووك و بەغدا تێكەڵ بەدانووستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، سهبارهت به پرسی كەركووكیش ناكرێت ئەوپرسە تێكەڵ بە پرسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بكرێت، چونكە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری تێدایە و پارتی دیموكراتی كوردستان هەرگیز رازی نابێت ئەو خیانەتە تێكەڵ بە پرسی دانووستانەكان بكرێت، چونكە پارتی نابێتە شەریك لەو خیانەتە و پێویستە خیانەتكاران سزا بدرێن، زیاتر روونیشی كردەوە كە تا یەكێتی لە داواكارییەكانی خۆی و تێكەڵكردنی ئەو دۆسیانە بە دانووستانەكان سازش نەكات كۆبوونەوەكان بەرهەمی نابێت…
ئەوە لەكاتێكدایە كە ئێستە یەكێتی بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانییەوە بەردەوام كۆبوونەوەكان دوا دەخات و ئەوەیش هۆكارە بۆ دواخستنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ. پارتی 45 كورسیی پەرلەمانی كوردستانی هەیە و دوو جار لەگەڵ یەكێتی كۆبووەتەوە بۆ ئەوەی بەشداریان لە حكوومەتی داهاتوو پێ بكات.