(خـواکورك) دواین هەڵوێستی پارتی و گۆڕان لەسەر دواخستنی كۆبوونەوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ ئاشکرا دەکات
بەرپرسێكی باڵای گۆڕان رای دەگەیەنێت، یەكێتی بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانییەوە وادەی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ پارتی دوا دەخات پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێت: پارتی سیناریۆی تری دەبێت لە حاڵەتی زۆرتر دواخستنی كۆبوونەوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو.
ئەمڕۆ سێ شەممە، ساڵح ژاژڵەیی جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، دواخستنی كۆبوونەوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان لە لایەن یەكێتییەوە بۆ كێشە ناوخۆییەكانی ئەو حزبە دەگەڕێتەوە، زیاتر گوتی، شاندی پارتی تا لەگەڵ یەكێتی كۆ نەبێتەوە سەردانی گۆڕان ناكات، تا ئێستەیش لە لایەن پارتیەوە گۆڕان ئاگادار نەكراوەتەوە لەوەی شاندەكەیان باز بەسەر یەكێتیدا بدات و لەگەڵیان كۆ ببێتەوە.
لای خۆیەوە رێبوار بابكەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی رایگەیاند، دواخستنی كۆبوونەوەكان كاریگەری لەسەر دواخستنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان دەبێت و پێویستە لایەنەكان هەست بەوە بكەن.
بابکەیی زیاتر گوتی، حزبەكەی مەبەستییەتی یەكێتی وەك هێزێكی سیاسی كاریگەر بەشداری لە پێكهێنانی حكوومەتدا بكات لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنەكانی تر، هەروەك باسی لەوە كرد، پارتی گفتوگۆكانی بە كراوەیی نەهێشتووەتەوە و وادەیەكی زۆری لەبەردەم نییە، بۆیە لە حاڵەتی زۆر دووبارە بوونەوەی دواخستنیان سیناریۆی تر لە بەردەمدایە.
پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی ٤٥ كورسیی پەرلەمانی كوردستانە و سەرقاڵە بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان، بەڵام بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتییەوە ڕۆژ بە ڕۆژ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دوادەكەوێ.