هەوڵێكی یەكێتی بۆ گۆڕینی رێبوار تاڵەبانی شكستی هێنا

 

دوای ئەوەی یەكێتی بە مەبەستی گۆڕینی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رێبوار تاڵەبانی لەگەڵ هەریەكە لە توركمان و عەرەب رێككەوتبوو, بەڵام بە هۆی ئەوەی نەیانتوانی رێژەیەكی یاسایی ئەندامان كۆبكەنەوە كۆبوونەوەكەیان شكستی هێنا.
بە گوێرەی رێككەوتنەكە، جەمال مەولود، وەك بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەن، دەچێتە شوێنی رێبوار تاڵەبانی، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە ڕێژەی یاسایی دانیشتنەكە تەواو نەكرا و بەشێك لەوانەشی كە رێككەوتنیان كردبوو پاشگەزبوونەوە نەتوانرا دانیشتنەكە ئەنجامبدرێت.

هەروەها ئەحمەد عەسكەری، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە پشكی یەكێتی رایگەیاندووە “نەمانتوانی رێژەی یاسایی تەواو بكەین بۆ دیاریكردنی كەسێك لە شوێنی رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی بەوەكالەتی كەركووك”.

عەسكەری گوتیشی: “ئەم هەوڵەی ئێمە بۆ ئەوەیە كە كەسێكی دیكە دیاریبكەین، تاكو كێشەی یاسایی درووست نەبێت، ئێمە تا ئێستا كێشەمان نەبوو رێبوارتاڵەبانی لەهەولێرەوە ئیشەكانی دەكرد، بەڵام ئێستا كێشە هەیە و ئیمزاكانی رێبوار تاڵەبانی كاریان پێ ناكرێت و فەرمانی دەستگیركردنی هەیە بۆیه دەمانەوێت كەسێك لە شوێنی ئەو، ئیشوكارە ئیدارییەكان بەڕێوەببات”.

لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە، كە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان لەلایەن چەند بەرپرسێكی دیار رادەستی میلیشیاكانی حەشد و هێزە عێراقییەكان كرا، رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە وەكالەت شارەكەی جێهێشتووە.

Back to top button