تاتۆ پێست دووچاری چەندین مەترسی دەکات

لە توێژینەوەیەکی زانستیی ئاژانسی ئەوروپا بۆ ماددە کیمیاییەکان دەرکەوتووە، ئەو ماددە و رەنگانەی بۆ تاتۆکردن بەکاردێن دەبنە ھۆی نەخۆشیی شێرپەنجە.

بەپێی زانیاریی توێژینەوەکە، ھۆکاری  ەوەی  تا ئێستا ئاماژە بە زیانەکانی تاتۆ نەکراوە، ئەوەیە لە ڕابردوودا لە وڵاتە ئەوروپیەکاندا  لە سەد کەسدا یەک کەس تاتۆی دەکرد، بەڵام ئێستا لە ھەر چوار کەسدا، یەک کەس تاتۆ دەکات و جێی ئاماژەشە، تەمەنی خوازیارانی تاتۆش لە نێوان ١٨ بۆ ٣٥ ساڵاندایە، ئەمەش وایکردووە لە ئێستادا ولاتە ئەوروپیەکان تاتۆ بەیەکێک لە ھۆکارەکانی شێرپەنجە بناسێنن.

ھەتا ئێستاش ھیچ بەڵگەیەک نییە بۆ ئەوەی یەکێک لەو ماددانەی کە بۆ تاتۆ بەکاردێن تووشی شێرپەنجەمان بکات، ئەمەش لەکاتێکدایە مارک بلان، شارەزا لە بواری کیمیا بۆ ئاژانسی ئەوروپیی یونیەن وتوویەتی: سەرەڕای نەبوونی ھیچ بەڵگەیەک، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت تاتۆکردن تووشی شێرپەنجەمان ناکات.

ھەروەھا بەپێی ئەو زانیاریە پزیشکیانەی بڵاوکراوەنەتەوە، ئەو رەنگانەی بۆ تاتۆکردن بەکاردێن چینی سەرەوەی پێست دەبڕن و دەچنە ناو غودە لەمفاویەکانەوە، ئەمەش دەبێتە ھۆی گەورەبوونی غودە لەمفاویەکان بە شێوەیەکی ھەمیشەیی.

ئەوەی پێویستە بوترێت، تاتۆکردن ئەگەر تووشی شێرپەنجەشمان نەکات، زیانێکی تەندروستیی زۆری ھەیە، ھەروەک ھەستیاری و ھەوکردنی پێست، جگە لەوەش ئەگەر گۆڕانکاریەک بەھۆی شێرپەنجەوە لە پێستدا رووبدات، تاتۆکەدەیشارێتەوە و نابینرێت ھەتا بە زوویی چارەسەری بکەین

لە کوردستانیش رۆژ بەرۆژ رێژەی تاتۆکردن لە زیادبووندایە بۆیە پێویستە ھاووڵاتیان بە وشیاریەوە بڕیار لەسەر تاتۆکردن بدەن.

پێویستە ئەوەش بزانیین لە کاتی لابردنی تاتۆدا دیسان زیانێکی زۆر بەجەستە دەگات، چونکە ئەم کرداری لێکردنەوەیە بە لەیزەر دەکرێت ئەویش بریتیە لە تێکشکاندنی ئەو دەنکۆڵە بۆیانەی لە تاتۆدا بەکاردێن بۆ پارچەی زۆر ورد بۆ ئەوەی دیارنەمێنن، ئەم بۆیانەش ماددەی زیانبەخشی تێدایە کە رەنگە کاریگەری بکاتە سەر تەندروستیی مرۆڤ، بۆ ئەوانەشی کە ئەیانەوێت تاتۆ بکەن، پێویستە لەلای کەسانی شارەزا و ئەو ئارایشتگایانە تاتۆبکەن کە ڕێگەپێدراون.

Back to top button