عه‌دنان كه‌ركوكی :کەرکووک تاکە شاری عێراقە گروپ و میلیشیای هه‌مه‌جۆری تێدایه‌

عه‌دنان کەرکووکی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک_ گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند:” جێگیرکردنی ھێزی ئەمەریکا لە سەربازگەی کەیوەنی نزیک شاری کەرکووک کاریگەریی لەسەر ڕەوشی ئەمنیی کەرکووک دەبێت، چونکە پێویستە ئەو گرووپە چەکدارە میلیشیایانەی ئێستا لە نێو کەرکووکدا نەمێنن و دەربچن لە ناوچەکە، ھەتا لە بەرنامەی حکوومەتی عێراقیشدایە شارەکان لەو میلیشیایانە چۆڵ بکرێن، ئەوەیشی ئێستا لە کەرکووک ھەیە زیاتر چەکداری حەشدی شەعبین، تەنیا لەنێو سەنتەری شاری کەرکووک ٢٤ جۆر حەشدی تێدایە، ھەروەھا حەشدی عەشایەری و سێ فیرقەی پۆلیسی فیدڕاڵ، ئەوە جگە لە دژەتیرۆر و چەند ھێز و تاقمی دیکەش.”

گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک_ گەرمیانی پارتی گوتیشی: “کەرکووک تاکە شاری عێراقە ئەو ھەموو گرووپە ھەمەجۆرەی تێدا بێت، جێگیربوونی ھێزی ئەمەریکا لە کەرکووک دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی گرووپە میلیشیاکان نەھێڵن لە شارەکە. لەبەر ئەوەش، ژمارەیەک لەو گرووپانە بە فەرمی دژایەتیی خۆیان بۆ ھێزەکانی ئەمەریکا ڕاگەیاندووە، وەک نوجەبا و کەتیبەی ئیمام عەباس و عەسائیب ئەھلولحەق و فیرقەی ئیمام عەلی و چەندانی دیکەش.”

عەدنان کەرکووکی ڕوونیکردەوە و ده‌شڵێت: “زۆرێک لەو ھێزانەی ئێستا لە کەرکووکن دانوویان لەگەڵ ئەمریکییەکان ناکوڵێت، ھەم ئەمەریکا دژی ئەو ھێزانەیە و ھەم ژمارەیەک گرووپی سەر بە حەشد دژی ئەوەن کە ئەمەریکا لە عێراق بمێنێت، ھەتا داوایان کردووە ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەربچن.”

Back to top button