سەرۆک بارزانی له‌گه‌ڵ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، له‌گه‌ڵ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا مايك پۆمپيۆ كۆبوويه‌وه‌.

ئێواره‌ی ئەمڕۆ چوارشەممە 9-1-2019 مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە.

سه‌ردانه‌كه‌ى وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ يه‌كه‌م سه‌ردانى مایك پۆمپيۆ هه‌ژمار ده‌كرێت له‌ دواى وه‌رگرتنى پۆسته‌كه‌ى.

به‌ گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، مایك پۆمپیۆ، سه‌ردانی سه‌ربازانی وڵاته‌كه‌شی كردووه‌ له‌ عێراق، له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیشدا هۆشداری له‌ باره‌ی ئێران داوه‌ و ئه‌و وڵاته‌ی به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ هه‌رێمه‌كه‌ وه‌سف كردووه‌.

مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، پێشتر رایگه‌یاندبوو، له‌ گه‌شته‌كه‌یدا بۆ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، سه‌ردانی 8 وڵات ده‌كات، ئه‌وانیش ئه‌رده‌ن، میسر، به‌حره‌ین، قه‌ته‌ر، ئیمارات، سعوودیه‌، كوه‌یت و عه‌ممانن.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كانی پێشووی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، سه‌ردانیكردنی عێراق له‌ كارنامه‌كه‌ی پۆمپیۆدا نه‌بووه‌ و به‌ نهێنی هاتووه‌ته‌ عێراق.

وه‌ك ئاژانسی رۆیته‌رز ئاماژه‌ی پێكردووه‌، ته‌نانه‌ت به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكاش ئاماده‌نه‌بوونه‌ هیچ زانیارییه‌ك له‌ باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی پۆمپیۆ بده‌ن، ته‌نانه‌ت هه‌واڵی سه‌ردانه‌كه‌شیان پشتڕاست نه‌كردووه‌ته‌وه‌، تا ئه‌و كاته‌ی خاكی عێراقی جێهێشت.

له‌ چوارچێوه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ عێراق، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكی وه‌زیرانی عێراق و به‌رپرسانى باڵاى عێراقى كۆبوويه‌وه‌ و كۆتايى به‌سه‌ردانه‌كه‌ى هێنا.

 

Back to top button