عادڵ عەبدولمەهدی فەرمانی داگرتنی ئاڵای كوردستانی لە كەركووك دەركردووە, پەیوەندی بە بەرهەم ساڵح كردووە
دوای ئەوەی یەكێتیی لە كەركوك بڕیاری دا ئاڵای كوردستان لەپاڵ ئاڵای عیراق و حزبەكەی لەسەر بارەگاكانی بەرزبكاتەوە، پاش كەمتر لە 24 كاتژمێر، نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق بەیاننامەیەكی لەوبارەیەوە بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژە بەوەدراوە، كە عادل عەبدولمەهدی پەیوەندی بە بەرهەم ساڵح كردوە بەوپێیەی پارێزەری دەستورە و شەونخونی دەكات بۆ زامنكردنی پابەندبون پێیەوە.
هەروەها لە بەیاننامەكەدا هاتووە “سەرۆك وەزیران پەیوەندی بەپەلەی بە بەرهەم سالًح و بەرپرسانی سیاسیی جیاوازەوە كردوە و فەرمانی كردوە ئاڵای كوردستان لە رووكاری سەرەكی بارەگا حزبییەكانی كەركوك دابگیرێت، چونكە ئەو كارە پێچەوانەی دەستورە”.
بەگوێرەی بەیاننامەكە، عادل عەبدولمەهدی بۆ “برایانی سیاسی” دوپاتكردۆتەوە، كە گونجاوترین شێواز پرسیاركردنە لە دادگا باڵای فیدراڵی لەبارەی دەستوریبونی ئەو هەنگاوە بەرلە جێبەجێكردنی ئەگەر هەموولایەك بیەوێت رێز لە دەستور بگیرێت وەك ئەوەی داوای دەكەن.
هەروەها عادل عەبدولمەهدی، رایگەیاندووە، كە كەركوك وەك ناوچەیەكی جێ ناكۆك دەكەوێتە دەرەوەی سنوری دەستوریی هەرێمی كوردستان و ئەو ناوچانەش وەك خۆیان دەمێننەوە و نابێت گۆڕانكاری ئەمری واقیعیان تێدا بكرێت تائەوكاتەی لەڕێی دەستورەوە یەكلادەكرێنەوە، بەڵام هەڵكردنی ئاڵای حزبەكان و لۆگۆكانیان بۆ هەموو حزبەكان شیاوە و پێچەوانەی دەستور نییە.