یەكێتی ئەورووپا ئیتلاعاتی ئیران دەخاتە لیستی تیرۆر ئەمریكا پشتگیری بڕیارەكەیە

 

دوای ئەوەی ئەمریكا و چەند وڵاتێكی ئەورووپا بڕیاریاندا كە سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆر, دوێنێ‌ یەكێتی ئەوروپا بە بڕیارێك یەكەیەكی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران و دوو هاوڵاتی تری ئەو وڵاتە بە هۆی هەوڵدان بۆ كوشتن و كردنە ئامانجی نەیارانی حكومەتی تاران، دەخاتە لیستی گروپە تیرۆریستیەكان و ئەمریكاش پاڵپشتی لەو بڕیارە دەكات و وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ئەوروپا بە پشتیوانی كردن و داڵدەدانی گروپە توتدڕەوەكان تۆمەتبار دەكات.
دوای ئەوەی هۆڵەندا، دانیمارك و فەرەنسا ئێرانیان بە تێوەگلان لە كوشتن و هەوڵدان بۆ كوشتنی نەیارەكانی لەسەر خاكی ئەوروپا لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2018 تۆمەتبار كرد، یەكێتی ئەوروپا، یەكەیەكی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات و دوو هاوڵاتی ئێرانی خستە لیستی تیرۆرەوە.
مایك پۆمپیو وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، پاڵپشتی تەواوەتی وڵاتەكەی لەو بڕیارەی یەكێتی ئەوروپا راگەیاندووە و جەختیشی كردۆتەوە، كە ئێران و حزبوڵای لوبنان لە ساڵی 1979ەوە خاكی ئەورپایان كردۆتە گۆڕەپانی تیرۆر و زۆر پێویست بوو كە ئەوروپیەكان پەیامی ئەوەیان بە تاران داوە كە چیتر رێگە بە تیرۆر نادەن.
لە بەرامبەردا محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، وڵاتەكەی لە بەرەی رووبەڕووبونەوەی تیرۆردایە و یەكێتی ئەورپاش داڵدەی گروپەكانی وەك موجاهیدینی خەلق دەدات كە دەستیان چۆتە خوێنی 12 هەزار ئێرانی و بەشداریش بوون لە تاوانەكانی رژێمی سەدام لە دژی كوردەكانی عێراق.
راشیگەیاندووە: یەكێتی ئەورپا بە سزادانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران ناتوانێت خۆی لە بەرپرسیارێتی پشتیوانی كردن و حەواندنەوەی گروپە تیرۆریستیەكان بدزێتەوە.

Back to top button