گەر ئەم نیشانانەت هەبوو ئەوا میزەڵدانت گرێی تێدایە

گرێ لە میزەڵداندا لەشێوەی گوڵی گوڵەبەڕۆژەدایە، لەسەر دیواری ئەو شوێنە دروست دەبێت کە میزی تێدا کۆدەبێتەوە، ئەم جۆرە گرێیانە زۆربەی کات کۆمەڵێک خانەی نامۆن کۆبوونەتەوە و هەندێک جار ئەگەری ئەوەی هەیە گرێیەکی شێرپەنجەیی بێت، ئەم جۆرە خانانەش بە خێرایی دەتوانن دروست بن و بە بەشەکانی تری جەستەدا بڵاوببنەوە.

نیشانەکانی:

لە قۆناغەکانی سەرەتای دروستبوونی گرێکەدا هیچ نیشانەیەک نییە، بەڵام هەندێک کەس هەست بە نیشانەکانی دەکەن وەک:

1- ئازار لەکاتی میزکردندا.

2- زوو زوو میزهاتن.

3- هەبوونی خوێن لەگەڵ میزەکەدا.

4- ئازاری ناوسک.

5- لەکاتی میزهاتندا زۆر بەپەلە دەبێت کەسەکە.

هەندێک هۆکار هەیە دەبێتە هۆی ئەوەی گرێی شێرپەنجەیی لە میزەڵداندا دروست بێت، وەک:

1- بەکارهێنانی تۆباکۆ (جگەرە کێشان) چونکە لە گورچیلەدا ئەو ماددانە دەپاڵێوێت.

2- برینار بوون بەتایبەت بریناربوونی دیواری میزەڵدان بەبەردەوامی، وادەکات خانە شێرپەنجەییەکان دروستبن.

3- هۆکارە ژینگەییەکان وەک هەڵمژینی هەوای پیس.

4- نەژادی کەسەکانیش هەندێک جار وەک هۆکارێکی بۆماوەیی ئەگەری تووشبوون زیاددەکات، وەک قەوقازییەکان کە ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی میزەڵدان زۆرە بەڵام تائێستا هۆکارەکەی نازانرێت.

5- ڕەگەزیش یەکێکە لەو هۆکارانەی وادەکات ئەگەری تووشبوون بەو دۆخە زیاد و کەم بکات، لە پیاواندا ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی میزەڵدان زیاترە وەک لە ژنان.

 

چۆنیەتی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە:

گەر ئەم گرێیانە بەبێ چارەسەرکردن بەجێبهێڵدرێ ئەوا بە هەموو جەستەدا بڵاودەبێتەوە بە شێوەیەکی خێرا، بەڵام پزیشکی تایبەت دەتوانێت دەستنیشانی دۆخەکە بکات لە ڕێگای چەند تاقیکردنەوەیەکی پزیشکییەوە وەک (Cystoscopy، Biopsy، Urine cytology، Urine Culture، Imaging tests، Urine tumor marker)

چارەسەرەکان:

گەر گرێکان شێرپەنجەیی نەبن ئەوا پێویست بە هیچ چارەسەرێک ناکات، بەڵام گەر شێرپەنجەیی بێت ئەوا پزیشکی پسپۆر دەبێت بە نەشتەرگەری لایبەرێت و ئەو جۆرە نەشتەرگەرییەش پێی دەوترێت (TURBT)

Back to top button