شەڕی عەبادی و مالیکی لە دژی یەکتر دەستی پێ کرد
هەردو سەرۆك وەزیرانی پێشووتر و پێشتری عێراق بەیاننامە لە دژی یەکتر دەردەکەن و یەکتر بە هێنانی هێزە ئەمریکییەکان تۆمەتبار دەکەن، هاوپەیمانی نەسر، کە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق (2014-2018) سەرۆکایەتی دەکات، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، عەبادی لە هێنانی هێزە ئەمریکییەکان بۆ عێراق بەرپرس نییە، چونکە ”بەپێی بەڵگە“، دوای داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، حکوومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتیی نوری مالیکی لە 24-6-2014 داوای هاتنی هێزە ئەمریکییەکانی بۆ عێراق کرد.
هاوپەیمانیی نەسر هەروەها رایگەیاندووە، کە لەو کاتەی عەبادی بووە سەرۆك وەزیران لە 8-9-2014، هێزە ئەمریکییەکان لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، لە عێراق بوون.
لە بەرامبەردا، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، کە نوری مالیکیی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق (2006-2014) سەرۆکایەتی دەکات، وەڵامی هاوپەیمانی نەسری داوەتەوە و رایگەیاندووە، بەیاننامەکەی نەسر هەڵەی تێدایە و خۆدوورگرتنە لە بەرپرسیارێتیی پێدانی بنکەی هەمیشەیی بە هێزە ئەمریکییەکان و بە ئازادی بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق، کە حەیدەر عەبادی پێی داون.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.