په‌یوه‌ندییه‌كانى یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئه‌م حزبه‌ به‌ره‌و ئاڵۆزیی زیاتر ده‌ڕوات

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ترسی کاردانەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان و گرووپەکانی سەر بەو پارتەی هەیە، بەڵام لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ تورکیا لە دژی پەکەکە بەردەوامە.

بەپێی زانیارییەکانی (خـواكـورك)، یەکێتی لە ڕێگەی ئاسایشی خۆیەوە، ڕێوشوێنی گرتووەتە بەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر کاردانەوەیەک لەلایەن لایەنگرانی پەکەکەوە، چونکە ترسی لەوە هەیە خۆپیشاندان و بگرە چالاکی دیکەش لە دژی ئەنجام بدرێت.

لەمبارەیەشەوە تارا حوسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان کە گرووپێکی سەر بە پەکەکەیە لە سلێمانی، ئاشکرای کردووە کە لە کاردانەوەکان بەرامبەر بە داخستنی سینەما (سالم) زۆر بوون، بۆیە ئاسایشی یەکێتی بەڵێنی داوە سینەماکە بکاتەوە، بە مەرجێک فیلمی ساکینە جانسز نمایش نەکرێت.

پێشتر (خـواكـورك) بڵاوی کردەوە کە جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە نامەیەکدا هەڕەشەی لە بنەماڵەی تاڵەبانی و سەرانی یەکێتی کردووە، بەوەی ئەگەر کۆتایی بە ڕێوشوێنەکانیان لە دژی پەکەکە نەهێنن، ئەوانیش دەکەونە جموجۆڵ و بە ئاسانی فراوانکاری لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان دەکەن. بایک هەروەها ئەوەی بە بیر بنەماڵەی تاڵەبانی هێنابووەوە کە بەرژەوەندییەکانیان لە قەڵاچۆڵان و دەباشان لەلایەن ئەو هێزەی پەکەکە دەپارێزرێت کە لە چیای ئاسۆسن لە باکووری چوارتا.

Back to top button