یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌هۆی هه‌وڵدان بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌ی تیرۆریستی سزای ئێران ده‌دات

وەزیری دەرەوەی دانیمارك،سزای به‌سه‌ر وه‌زاره‌تی ئیتلاعاتی ئێران دا سه‌پاند كه‌ بە هۆی پیلان داڕشتن بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی، به‌نیازبووه‌ له‌ دانیماركدا ئه‌نجامی بده‌ن .

ئه‌مڕۆ سێشەممە 8ی كانوونی دووه‌می 2019، ئەندرێس ساموێڵسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارك  ،له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، نووسیویه‌تی: “یەکێتی ئەوروپا سزای بە سەر وه‌زارەتی ئیتڵاعاتی ئێراندا سه‌پاند، بە هۆی ئەوەی لە هەوڵ و پیلاندانانه‌ بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی لە خاکی یەکێتی ئەوروپا، ئەمە هۆشدارییه‌كی جددییه‌ لەلایەن یەکێتیەکە، ئێمە لە ئه‌وروپا ئەو هەڵسوکەوتانە لە کەس قەبوڵ ناکەین”.

4مانگ له‌مه‌وبه‌ر، دەسەڵاتدارانی دانیمارك بڵاویانکردەوە، ئیتڵاعاتی ئێران لە هەوڵی ئەوەدابووە، سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی جوداخوازانی ئه‌هواز لەو وڵاتەدا تیرۆر بکات، دوای ئاشكرابوونی ئه‌و هه‌وڵه‌ش، دانیمارك باڵیۆزی خۆی لە ئێران بانگهێشتكرده‌وه‌ و رایگەیاند، ئەو دۆسیه‌یە ده‌به‌نه‌ یەکێتی ئەوروپا.

Back to top button