وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پیرۆزبایی بەربژێربوونی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم لە نێچیرڤان بارزانی دەكات

 

دوای ئەوەی دوێنێ‌ مایك پۆپمیۆ سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوویەوە, وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: “مایك پۆمپیۆ پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد لە بەربژێركردنی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان”.

لە راگەیێندراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی كۆبوونەوەی مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە: “وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختی لەسەر پاڵپشتی ئەمریكا بۆ دیالۆگی بەردەوامی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی بەغدا كردەوە”.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هەروەها رایدەگەیێنێت: “مایك پۆمپیۆ جەختی لەسەر بەهای پەیوەندی ستراتیژیی لەگەڵ عێراق و پەیوەندی دۆستانەی ماوەدرێژیی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە، كە بۆ ئاسایشی دووقۆڵی و سەقامگیری ناوچەكە گرنگە”.

پاشنیوەڕۆی چوارشەممە 9-1-2019 مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆك بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

Back to top button