وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پیرۆزبای بەر بژێربوونی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت لە مەسروور بارزانی دەكات
دوای ئەوەی دوێنێ مایك پۆپمیۆ سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد لەگەڵ راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كۆبویەوە, ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پیرۆزبایی لە مەسروور بارزانی دەكات لە بەرامبەر بەربژێركردنی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی كۆبوونەوەكەی رۆژی رابردووەی وەزیری دەروەی ئەمریكا و راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە هەولێر رایدەگەیێنێت: “مایك پۆمپیۆ پاڵپشتی بەهێزی ئەمریكای بۆ دیالۆگی بەردەوامی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی و پێشكەوتنی بەردەوام لە بواری ئاسایش و چاكسازی ئابووریدا دووپاتكردەوە”.
هەر لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختی لەسەر گرنگی هاوبەشی ستراتیژیی واشنتن لەگەڵ عێراق و دۆستایەتی ماوەدرێژی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە.
پاشنیوەڕۆی چوارشەممە 9-1-2019 مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆك بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.