ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانی عێراق له‌ سه‌ردانى نهێنى عێراقييه‌كان بۆ ئيسرائيل ده‌كۆڵێته‌وه‌

ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ راستيی سه‌ردانی شانده‌ عێراقییه‌كان بۆ ئیسرائیل پێكده‌هێنێت.

محه‌ممه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق فه‌رمانی پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كی ده‌ر‌كرد، كه‌ نوێنه‌ری هه‌ریه‌ك له‌ لیژنه‌ پەرلەمانییەكانی ئاسایش و به‌رگری و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌خۆبگرێت، بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ درووستی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی باس له‌ سه‌ردانی چه‌ند شاندێكی عێراقی بۆ ئیسرائیل ده‌كه‌ن.

سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل رایگه‌یاندبوو، ساڵی رابردوو 3 شاندی عێراقی سه‌ردانی وڵاته‌كه‌یان كردبوو، كه‌ نوێنه‌ری چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی و ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی له‌خۆ گرتبوو، له‌ ماوه‌ى رابردوودا، ژماره‌يه‌ك كه‌سايه‌تى سياسى عێراق به‌وه‌ تۆمه‌تبار كران، كه‌ په‌يوه‌ندييان به‌ ئيسرائيله‌وه‌ هه‌يه‌.

سوپاى عێراق، يه‌كێك بووه‌ له‌و سوپايانه‌ى هه‌ر له‌ 1948ه‌وه‌ له‌ شه‌ڕى دامه‌زراندنى ئيسرائيل له‌گه‌ڵ سوپاى وڵاتانى عه‌ره‌بى به‌شدارى شه‌ڕى كردووه، له‌ شه‌ڕى ئۆكتۆبه‌ريشدا سوپاى عێراق بۆ يارمه‌تيدانى سوپاى سووريا رووى له‌ ديمه‌شق كرد، تا ئێستا عێراق دانى نه‌ناوه‌ به‌ ئيسرائيلدا و ره‌تيشيكردووه‌ته‌وه‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ ئاسايى بكاته‌وه‌.

به‌غدا وه‌ك “كيانێكى درووستكراو له‌سه‌ر خاكى فه‌له‌ستين ده‌ڕوانێته‌ ئيسرائيل و سوپاى ئه‌و وڵاته‌ش وه‌ك داگيركه‌ر ناوده‌بات”.

 

Back to top button