بارزانی باسی پاش داعشی لەگەڵ عێراقیەكان كردووە
خواكوڕك
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 2016 -11- 6 پێشوازی لە شاندێكی كوتلەی ئیئتیلافی عەرەبیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەلاحەدین كرد،
لە كۆبوونەوەكەدا كە فازڵ میرانی سكرتێر و ئازاد بەرواری و مەحموود محەمەد، ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون، دوا سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی سوپای عێراق لە بەرەكانی ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر لە پارێزگای نەینەوا و ناوچەكانی تر تاوتوێ كرا و هەماهەنگی و پلانی هاوبەشی سەربازیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە مێژوویی وەسف كرا و ئومێدی ئەوەش خوازرا كە هەرچی زووترە كۆتایی بە تیرۆریستانی داعش بێت و كار بۆ ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنانی ژێرخانی ناوچە ئازادكراوەكان بكرێت.
هەورەها باس لە گرفتی گەڕانەوەی ئاوارەكان و پەلاماری ئەو دوایەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شاری كەركووك كرا و هاوكاریی هاووڵاتیان لەگەڵ دەزگە ئەمنییەكانی شاری كەركووك بۆ بەرپەرچدانەوەی پەلاماری تیرۆریستان بەرز نرخێندرا. پەیوەست بە بابەتی ئاوارەكان شاندی میوان داوایان كرد كە ئیجرائات لەگەڵ خەڵكی تاوانبار و ئەوانەی دەستیان لەگەڵ داعشدا هەبووە بكرێت و بە ڕێز و كەرامەتەوە خەڵكی ئاسایی بتوانن بگەڕێنەوە ناوچە ئازاد كراوەكان.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا مەسعوود بارزانی، وێڕای ئاماژەدان بەو نەهامەتیانەی لە ئەنجامی پەلاماردانی تیرۆریستانی داعش بەسەر گەلی كوردستان و پێكهاتەكاندا هاتووە، جەختی لەوە كردەوە كە ڕاگواستن و جیاكاریی نەتەوەیی و ئایینی بە هیچ شێوەیەك سیاسەتی هەرێمی كوردستان نەبووە و ناشبێت. هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو كە میواندارییكردنی سەدانهەزار ئاوارە لە لایەن خەڵكی كوردستان بەڵگەیەكی ڕوونە كە هەرێمی كوردستان پەرۆشی ژیانی خەڵكی سڤیلە و بڕوای بە جیاكاریی نەوتەوەیی و ئایینی نییە.
هەر لەم دانیشتنەدا باس لە قۆناغی دوای داعش و پڕۆسەی سیاسیی عێراق كرا و جەخت لە پێویستی پاراستنی ژیان و سەروماڵی هاووڵاتیانی بێتاوان و هەروەها هێنانەكایەوەی متمانەی نێوان پێكهاتەكان كرایەوە.