یەکێتی هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادی و وتەبێژی تەڤگەریان دەستگیرکرد

 

دوای ئەوەی ئاسایشی یەکێتی لە سلێمانی سینەما سالمی داخست بەهۆی ئەوەی کورتە فلیمێک لە بارەی پەکەکە تێدا نمایش دەکرا، بڕیاردرا کورتە فیلمەکە له‌سه‌ر سه‌كۆی پاركی ئازادی لە سلێمانی نمایش بكرێت، بەڵام هێزێکی سەر بە ئاسایشی سلێمانی هەلیانکوتایە سەر ئامادەبوان و هەردوو هاوسەرۆكی تەڤگەر و وتەبێژی تەڤگەریان لە پاركی ئازادی دەستگیر كرد.

بڕیار بوو ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان (ڕاژاک) لە سەکۆی ئازاد لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی، فیلمی ساکینە جانسز نمایش بکەن و خەڵاتی ساکینە جانسزیش ببەخشن بە لەیلا گوڤەن، بەڵام ڕێگرییان لێ کرا.

سەرچاوەیەکی لە تەڤگەری ئازادی بە خواکوڕکی ڕاگەیاند “دووای ئەوەی ویستمان کورتە فیلمێک لە بارەی پەکەکە لە سەکۆی پارکی ئازادی نمایشبکرێت ھێزەکانی ئاسایشی یەکێتی ھەردوو ھاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی و تارا حسێن گوتەبێژی تەڤگەری ئازادییان دەستگیر کردووە، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر لایەنگری تەڤگەری ئازادی لەلایەن ھێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیر کراون”.

سەرچاوەكەی تەڤگەر داوای ئازادکردنی ھەڤاڵەکانی كرد و داواشی لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی كرد ھەڵوێستیان ھەبێت.

جێی باسە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە گوشاری زۆر خراوەتە سەر حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ سنوورداركردنی چالاكییەكانی پەكەكە لەم ناوچەیە.

 

 

Back to top button