هەواڵێکی گرنگ بۆ خەڵکی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت .. پارتی زانیاری گرنگی ئاشکرا کرد
![](https://xwakurk.com/wp-content/uploads/2018/12/1-3.jpg)
چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا، گەڕێکی دیکەی سەردانی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ لای حزبەکان دەست پێ بکاتەوە و ئەندامێکی شاندی پارتیش داوا لە خەڵکی دەکات، گەشبین بن.
بەپێی زانیارییەکانی (خواکورك)، لەم هەفتەیەدا شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی حزب و لایەنەکانی کوردستان دەکات و گەڕی سێیەمی گفتوگۆکانی تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
لەمبارەیەشەوە فرسەت سۆفی، ئەندامی شاندی پارتی، بەبێ ئەوەی وادەی سەردانەکە ئاشکرا بکات، بە کەناڵی (کوردستان ٢٤)ی ڕاگەیاندووە: ئێمە جددین و گفتوگۆیەکی جددی بکرێ و لە کاتێکی زوودا حکوومەت پێک بهێنین.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە: بە خەڵکی دەڵێین گەشبین بن، لێکتێگەیشتن هەیە و ئەگەر ناکۆکیش لەسەر چەند خاڵێک هەبێت، ئەوا خەریکین چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، دەشڵێت: لێکتێگەیشتنی هاوبەش هەیە و ئیشەڵا ئەنجامی باش دەبینین.
پێشتر دوو گەڕی گفتوگۆی نێوان لایەنەکان لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت بەڕێوە چووە. پارتی کە خاوەنی ٤٥ کورسیی پەرلەمانی کوردستانە، لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان گفتوگۆی کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی یەکێتی دۆسیەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا و کەرکووکی تێکەڵ کردووە و وەک یەک پاکێج سەیریان دەکات، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دواکەوتووە.