دەمیرتاش گورگان خوارد كرا

‎ئاسۆ حاجی
 
‎لەو ڕۆژەی هەدەپە بەسەرۆكایەتی‌و بەكاریگەری گووتارە عەقلانیەكانی سەلاحەدین دەمیرتاش هەشتا كورسی پەرلەمانی توركیای بردەوە، سەركردەكانی قەندیل بەر لەبەرپرسانی ئەنقەرە تەنگاو بوون‌و ترسێكی قوڵ دایگرتن ترسی هەڵهاتنی ئەستێرەیەكی نوێ لەئاسمانی كوردایەتی‌و لەماوەیەكی كەمدا ناوی چووە ناو لیستی پێشوازی لەناوەندە گرنگەكانی دونیا.
 
‎گەنجێكی ئەفەندی كە بەژیانی فیشەكێكی نەتەقاندووە چۆن دەكرێ شەرعیەتی شۆڕشگێڕی كەسانێك بخاتە مەترسی، چونكە ئەگەر پڕۆسەی چارەسەی سەریگرتبا لەباشترین حالەتدا ئەوان دەبوونە میوانی وڵاتێكی سێیەم‌و ڕەنگە تەلەفزیۆنەكان لەبەرنامە مێژوویەكان‌و كەسایەتیە مێژوویەكان جاروبار وەبیر خەڵكیان هێنابانەوە بۆیە ئەوان دەمیرتاش‌و هەڤاڵان‌و سەركەوتنەكانیان كردە قوربانی مانەوەی هەموو شانازیەكان بۆ خۆیان وەك یەكەیەك كەشایەنی پارچەكردن نەبێت.
 
‎لەوكاتەوە بەڕێگرتن لە بەشداریكردنی حكومەتی هاوبەش لەگەڵ ئەكەپە كە بەئەردۆگانەوە مەمنونی ئەوە بوون هەروەها بەڕێگریكردن لەهەموو پێشنیارەكان ئەردۆگانیان بەدووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن ناچاركردو كۆڵانی شارو ئاوایەكانی باكووری كوردستانیان كردە بەرەی شەڕو خەندەق لێدان بەو كارانەیان سەركردەكانی قەندیل دەمیرتاش‌و هەڤاڵانیان بەدۆڕانێكی گەورە كە بیست‌و یەك كورسی پەڕلەمانی‌و وێرانكردنی چەندین شارۆچكەو گوندی باكوور وەك كەلەشی قوربانیەك فڕێیاندایە بەردەم گەرگە بۆرەكان.
 
‎دەستگیركردنی دەمیرتاش‌و ئەوانەی دیكە تەنها درێژبوونەوەی ئەو كارەساتەیە كە دوای نزیكەی شەش ساڵی ئارامی میللەتی باكووری كوردستانیان تووش كردەوە، باشترین دەرفەتیان بۆ سوپاو حكومەتی توركیا دروست كرد تا وەك ساڵانی نەوەدەكان  باكوور بكاتەوە سەربازگەو زیندانێكی گەورە كە كوردانی باكوور تێیدا باجی سەر ڕەقی سەركردەكانی پەكەكە و دڵ رەقی حكومەتی توركیا دەدەن، پەكەكە لەهەژماری خۆی وای دانا بوو كە ئەردۆگان‌و حزبەكەی لاواز دەكا، داینابوو دژایەتی كردنی ئەردۆگان ئەوانەی دیكەیان دەكاتە دۆست، نەیانزانی ئەردۆگان بەهێزتر دەكەن‌و ئەوانەی دیكەش بە یەك مەرحەبای ئەردۆگان هەدەپەیان كردەوە بەشێك لەو بزاڤە تیرۆرستیەی كە پێویستە بخرێنە زیندان نەك لەپەرلەمان هەوڵی پارچەكردنی توركیا بدەن، ئەردۆگان كە نەیتوانی پاڵپشتی هەدەپە بۆ پڕۆژەكانی وەدەست بێنێ ئەوە بەهێرشكردنە سەر هەدەپەو سووتاندنی باكووری كوردستان‌و ئاوارەكردنی سەدان. هەزار كەس لە ماڵەكانیان توانی بەئاسانی دەنگی توركە ڕەگەزپەرستەكان وەدەست بێنێ كە كارەكەی ئەوی پێ ڕایی دەكرێ.
‎بەدەستگیركردنی پەرلەمانتارانی كورد تەنها زیاتر كوردستان وێران دەبێ و زیاتر كورد دەكوژرێن، چونكە ئامارەكانی گرژیەكانی ئەو دوایانە ژمارەی زۆر مەترسیداریان تێدایە لەشەهید بوونی گەریلاو كوژرانی (قۆڕۆچی) جاش و پۆلیس و سەرباز كە سەدا نەوەدیان زیاتر كوردن ئەو گوندانەی دەسوتێندرێن و ئەو ناوچانەش كە سوپا لەخەڵكی قەدەغەیان دەكا ڕۆژانە ڕووبەرەكەی زیاد دەبێ و خەڵكەكەی ئاوارەی شارە گەورەكان دەبن و دەكەونە ژیانی كۆلەمەرگی كە خۆزگە بەمردن دەخوازن.
 
‎لەشەش ساڵی پڕۆسەی ئاشتی كە پڕۆسەی چارەسەری تێیدا قۆناغی باشی دەبڕی باكووری كوردستان لەڕووی ئابوری دەگەشایەوەو خەریك بوو كۆچی پێچەوانە دەست پێبكاتەوە لەمەتڕۆپۆلەكانی توركیا بەرەو شارەكانی باكوور لەوەش گرنگتر لە هەشتا ساڵی تەمەنی كۆماری توركیا مرۆڤی كورد وای لێهاتبوو بەشانازییەوە بڵێ كوردم‌و ئەوانە زمانی كوردیان نەدەزانی بەهەستی شەرمەزارییەوە خۆیان لە كۆڕسی فێربوونی زمانی كوردی ناونووس دەكرد واتا بزاڤی مەدەنیانەی كورد لەباكوور بەرەو پێش دەچوو و ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر لە ئامانجەكەی نزیك دەبۆوە، بۆیە گەڕانەوە بۆ ئەو عەقلیەتەو ئەو بزاڤە دادی كورد دەداو بەهێزی دەكا بەڵام هێزی عەقل و كەسایەتی نەك هێزی بازو و تفەنگ.
Back to top button