عادل عەبدولمەهدی کاندیدێکی کوردی بۆ وەزارەتی دادی عێراق دەستنیشان کرد

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ناوی ئەو کاندیدەی جەخت لێ کردەوە کە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ پۆستی وەزارەتی دادی عێراق دەستنیشانی کردووە.

ڕێبوار عەبدولڕەحمان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ڕای گەیاند: تا ئێستا بە فەرمی حاکم ڕزگار حەمە ئەمین، بۆ پۆستی وەزارەتی داد کاندید نییە، پێشتر نووسراوێکی دیکە ھاتووە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان ڕەتی کردووەتەوە کە نووسراوی لەو جۆرەی بەدەست گەیشتبێ و ڕای گەیاند کە ئەو نووسراوە دروست کراوە.

جەختیشی لەوە کردەوە کە تاوەکوو ئێستا قازی دارا نوورەدین بە فەرمی بۆ پۆستی وەزارەتی دادی عێراق کاندیدە، قازی دارا نوورەدین، دادوەرێکی کوردە و پێشتر بۆ ماوەیەک وەزیری داد بووە و کەسایەتییەکی بێلایەنە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئەوەی ڕاگەیاندووە کە لاری نییە ئەگەر کەسێکی بێلایەن پۆستی ئەو وەزارەتەی پێ بدرێت.

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە، بەڵام بەپێی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە، هیچ بابەتێکی پەیوەندیدار بە تەواوکردنی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی نییە.

عەبدولڕەحمان زیاتر ڕونیکردەوە: پێش ھەر شتێک، ئەگەر گۆڕانکاری بکرێت، ئەوا ڕۆژێک پێش کۆبوونەوە دەبێ عادل عەبدولمەھدی سیڤیی کاندیدەکە بۆ پەرلەمان بنێرت و ئەندامانی پەرلەمانیش بزانن کێیە؟.

پارتی دیموکراتی کوردستان کە خاوەنی ٢٥ کورسیی پەرلەمانی عێراقە و تائێستا دوو وەزارەتی عێراقی پێ دراوە و پێشتر ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق (بەغدا الیوم)ی ڕاگەیاند کە پارتی بە مافی خۆی دەزانێت، وەزارەتێکی دیکەشی پێ بدرێت. لە هەمان کاتدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش کە ١٨ کورسیی پەرلەمانی عێراقی بەدەست هێناوە و لە ڕێککەوتنێکی ئاڵۆزدا پۆستی سەرۆک کۆماری بۆ خۆی بردووە، دەیەوێت هەر چۆنێک بێت، پۆستی وەزارەتێکی پێ بدرێت، بەڵام تائێستا عادل عەبدولمەهدی داواکارییەکەی جێبەجێ نەکردووە.

Back to top button