پەیەدە بازنەکەی داخست

تەنیا کوردی
پەیەدە لە نێو جەرگەی دوو دەسەڵاتی شیعەدا (سووریا و ئێران) پانتایی خاکی کوردستانی لە رۆژئاوای کوردستاندا بۆخۆی دابڕیوە و لەوێدا لەژێر پارچە پەڕۆیەک کە کردوویەتی بە بریتی ئاڵای کوردستان، دەرفەتی لەباری بۆ رەخساندنی پێگەی کورد لە سووریادا چوواند.
بازنەی پەیەدە نیوەی لە دەستی رژێمی سووریادا کەوانێک بوو و نیوەکەی دیکەیشی لە دەستی ئێراندا، لە ئێستادا بازنەی پەیەدە دوو کەوانی هیلالی شیعییە لە پێناو جێبەجێ کردنی ئەجێندای ئێران و سووریادا.
پەیەدە هەزاران کوردی رۆژئاوای سووریای خستووەتە شەڕ و بە کوشتی دان، لە پێناو چی؟
پەیەدە هەزاران خەڵکی لە شارەکانی سووریادا بە دەرکردندا و رێگە بەو ئاڵایە نادات کە سەروەری گەلە و ئاڵای کوردستانە لەسەر ماڵەکاندا شەکاوە بێ بۆچی؟
پەیەدە دەچێتە سەر خوانی رژێمی سووریا و لە فەرماندە هەواڵگرییەکەی رژێمدا بەرنامەرێژی بۆ دەکرێ کە چۆن رێگربێ لە دروستکردنی بزووتنەوەی خەباتی مەدەنی و سیاسی کورد لە سووریادا.
پەیەدە دەستی کردووە بە زیندانیکردنی سەرکردەکانی ئەنەکەسە و گشت ئەو چالاکوانانەی کە لە سووریادا بۆ خەباتی سەربەخۆیی کوردستان تێدەکۆشن.
پەیەدە کەوتووەتە سەر هێڵێک بۆ ئێران و سووریا کە پارێزگاری لە بەرژەوەندیان دەکات تەنیا لە پێناو دژایەتیکردنی دۆزی راستەقینەی گەلی کورد لە رۆژئاوادا.
پەیەدە بەهەموو پێناسەیەکی نەتەوەیی، ئاماژەی تەواوی لێ دەرکەوتوون کە بەڕێگەی کردەی سەربازی خۆسەپێنەر دەیەوێ رەوتی ئازادیخوازی باکووری رۆژئاوای کوردستان بخاتە ژێر دەستی ئێران و سووریا و نەهێڵێ کە کورد سوود لە گۆڕانکاری ناوچەکەدا وەربگرێ.
پەیەدە کەوتووەتە سەر نەخشەی جێبەجێکردنی پیلانی دەرەکی لە ژێر ئەجێندایەکی ئیقلیمیدا کە لەم بەرنامەیەدا دەیەوێ زیان لە گەلی کوردستان بدات.
پەیەدە ئەو پێگە جەماوەرییەی نییە لە رۆژئاوای کوردستاندا، زیاتر بەرنامەیەکی سەربازی جێبەجێ کارییە لەدەستی ئێران و سووریادا لەبەر ئەوەی بە پشتی ئێران و سووریادا چەکی لە دەستە، بزاوتێکی مەدەنی نییە و میلیتاری عەسکەرتاریی هەواڵگرییە، بۆیە لای گرینگ نییە کە چەند کورد بە کوشت بدات و داهاتووی کوردان لە سووریادا بخاتە ژێر گەمەیەکی سیاسی ناوچەکە.
پەیەدە بازنەی خۆی بەتەواوی داخستووە کە ئیدی لەنێو بازنەی ئەمدا بەرژەوەندی کورد لە سووریادا جێگەی نابێتەوە و تەواویش خۆی یەکلا کردووەتەوە کە لەپیناو زیانگەیاندن بە داهاتووی کورد لە سووریادا بەردەوام دەبێ.

Back to top button