سوپا سالاری ئیسرائیل: پیلانێكی ئێران بۆ دروستكردنی هێزێكی چەكداری شیعە لە عێراق ئاشكرا دەكات

 

لەگەڵ ئەوەی هەژموون و باڵادەستی ئێران لە عێراق لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی زۆرترین قسەو باسی لە بارەوە دەكرێت, دوای دروستكردنی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و گرووپەكانی سەر بە ئێران, سوپاسالاری ئیسرائیل پیلانێكی دیكەی ئێران لە عێراق ئاشكرا دەكات كە دەخوازێت هێزێكی چەكدار لە عێراق دروستبكات.

گادی ئیزینكۆت، سوپاسالاری ئیسرائیل، لە دیدارێكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)دا، ڕای گەیاند: “ستراتیژی سەربازیی وڵاتەكەمان ئەوەیە، سەرنج بخەینە سەر بەرەنگاربوونەی ئێران، نەك بزووتنەوەی حەماس لە كەرتی غەزە، چونكە شەڕكردن لەگەڵ دوژمنێكی لاواز ماندوو و لاوازت دەكات”.

ئاماژەی بەوەش دا، كە: “ئیسرائیل لەسەرەتادا ئەو بارە چەك و تەقەمەنییانەی ئێرانی دەكردە ئامانج كە بۆ حزبوڵڵای لوبنانی دەنارد”.

جەختیشی كردەوە، كە لە ماوەی حەوت ساڵدا، ئێران نزیكەی‌ 16 ملیار دۆلاری لە دروستكردنی سوپایەك لە میلیشیا هاوپەیمانەكانی لە سووریا خەرج كردووە، بەڵام بەهۆی هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەكانی ئیسرائیلەوە، پرۆژەكەیان شكستی خواردووە.

سوپاسالاری ئیسرائیل، گوتیشی: “هەست دەكەین ئێران ستراتیژی خۆی لە بنەڕەتەوە گۆڕیوە، لە ئێستادا سەرنج دەخاتە سەر پێكهێنانی هێزێك لە شیعەكانی عێراق و ئەفغانستان و پاكستان، كە ژمارەیان دەگاتە نزیكەی 100 هەزار چەكدار”.

گادی ئیزینكۆیت ئەوەشی خستەڕوو، كە لە ساڵی 2016ـەوە، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی قەیلەقی قودسی ئێران، توانیویەتی 30 هەزار لە پیاوەكانی لە سووریا، هەروەها هەشت هەزار چەكدار لە میلیشیاكانی حزبوڵڵا و 11 هەزار چەكداری شیعی بیانی لە سووریا بڵاوبكاتەوه.

پێشتر لە سەرەتای ساڵی 2017، سوپا رەزامەندی حكوومەتی ئیسڕائیلی بەدەستهێنا بۆ گۆڕانكاری لە رێكار و یاساكانی شەڕكردن، لەو كاتەوە هێرشەكانی ئیسرائیل بەردەوامە بۆ سەر بنكەكانی ئێران لە سووریا.

سوپا سالاری ئیسرائیل، گوتیشی: “قاسم سولەیمانی هەڵەی كرد لە خەمڵاندنەكانی، كە وای بیر دەكردەوە دەتوانێت رووبەڕووی ئێمە ببێتەوە، هەروەها هەڵەی كرد لە هەڵبژاردنی ئەو گۆڕەپانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیسڕائیل، چونكە لەلای ئێمە ئەو زۆر لاوازە، ئێمە لە رووی هەواڵگرییەوە زۆر بەسەر ئەودا سەركەوتووین و لەڕووی ئاسمانییشەوە بەرپەچكدانەوەی بەهێزمان هەیه”.

Back to top button