دوای سێ ساڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان چاوی بە كەسوكارەكەی دەكەوێت
دوای ئەوەی سێ ساڵ بەر لە ئێستا وڵاتی توركیا گۆشەگیری خستە سەر عەبدولا ئۆجەلان كە نزیكەی 19 ساڵە لە زیندانە, ئەمڕۆ محەمەد ئۆجەلان لە زیندان سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی كردووە و لە نزیكەوە چاوی پێكەوتووە.
محەمەد ئۆجەلان رایگەیاند، لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلانی برای كۆبووەتەوە و لە كۆبوونەوەكەدا، پرسی مانگرتنی پەرلەمانتاری هەدەپە لەیلا گوڤەنیان تاووتوێكردووە.
محەمەد ئۆجەلان راشیگەیاند، جگە لە بابەتی سیاسی، دۆخی تەندرووستیی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش تاووتوێكراوە، دەشڵێت: “ئەو دیدارە بە مانای كۆتایهێنان نییە بە هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان”.
لە 11ی ئەیلوول/ یۆلیۆی 2016ەوە رێگەنەدراوە كەسوكارەكەی لە بەندیخانە سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بكەن، دوای نزیكەی 2 ساڵ و نیو یەكەمجارە دەسەڵاتدارانی توركیا، رێگە دەدەن براكەی چاوی پێی بكەوێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، لە 15ی شوبات/ فێبرایەری 1999 دەستگیركرا دواتر بە زیندانیكردنی تا هەتایی سزدرا، ئێستاش لە دوورگەی ئیمرالی دەریای مەڕمەڕە زیندانیكراوە.