ئاگادارییەک لە کەشناسییەوە بۆ سەرجەم ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان سەرجەم ھاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە و ڕای دەگەیەنێت، شەپۆلێکی بەفربارین ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەی گەرماش بۆ ژێر سفری سەدی دادەبەزێت، فازڵ ئیبراھیم بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان بە کەناڵی (کوردستان 24)ی ڕاگەیاند: “ناسەقامگیریی کەشوھەوا لەمڕۆ یەکشەممەوە 13/1/2019 ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، پێشبینی دەکرێت تا ڕۆژی ھەینی 18/1/2019 بەردەوامی ھەبێت”.
باسی لەوەش کرد، کە ئەو ناسەقامگیرییە بە چەند قۆناغێک تێدەپەڕێت، سەرەتا بارانبارین بەشێوەی پچڕ پچڕ دەست پێ دەکات، بارانبارینەکەش سەرەتا لە سنووری سلێمانی دەبێت و لەکاتەکانی دوای نیوەڕۆ دەست پێ دەکات، پێشبینی دەکرێت پارێزگای ھەولێریش بگرێتەوە.
لەبارەی کەشوھەوای سبەی دووشەممە، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: :بۆ سبەی دووشەممە ئەگەری ھەیە لە سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان باران ببارێت، پێشبینی دەکرێت بەفربارینیش لە سەرجەم ناوچە شاخاوییەکان ھەبێت، ڕێژەی بارانبارین لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر دەبێت، پلەی گەرماش بە بەراورد لەگەڵ 3 ڕۆژی ڕابردوو زیاتر دەبێت، ھەروەھا بەھۆی ئەو ناسەقامگیرییەی کەشوھەوا، سبەی ئەگەری خۆڵبارین لە ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق ھەیە، ئەگەریشی ھەیە چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
فازڵ ئیبراھیم ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەو ناسەقامگیرییەی کەشوھەوا بەردەوامی دەبێت، بەڵام لە ڕۆژی چوارشەممەوە پێشبینی ھاتنی بارستە ھەوایەکی سارد دەکرێت، کە بارستە ھەوایەکی جەمسەرییە، ئەمەش وادەکات شێوازی دابارینەکە بگۆڕێت و بەفربارین زیاتر دەبێت، بە تایبەت ڕۆژی پێنجشەممە 17/1/2019.
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان ھاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە: بەگوێرەی ئەو نەخشانەی تا ئێستا لەبەردەست دان، ئەگەر ھیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەیەت، ڕۆژی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە 16/1/2019، ئەگەری بەفربارین لە سەنتەری پارێزگاکان ھەیە بە پارێزگای کەرکووکیشەوە، ھەروەھا جارێکی دیکە پلەی گەرما لە سەنتەری پارێزگاکان بۆ ژێر پلەی سفری سەدی دادەبەزێت، ئەگەریشی ھەیە لە بەشێکی ناوچە شاخاوییەکان بۆ 10 پلەی ژێر سفری سەدی دابەزێت، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لە حاجی ئۆمەران 11 پلەی ژێر سفری سەدی تۆمار کرا.