راكان جبووری: ئاسۆ مامه‌ند خۆی به‌ سۆنده‌ ده‌پارێزرێ و هیچی پێ ناكرێ

ڕاكان سه‌عید جبووری پارێزگاری سه‌پێندراوی كه‌ركووك به‌ وه‌كاله‌ت، ‌ده‌ڵێ بڕیاره‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ داگرتنی ئاڵای كوردستان گونجاوه‌. هاوكات رای ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئاسۆ مامه‌ند به‌ ره‌زامه‌ندی ئه‌وان پاسه‌وانه‌كانی سۆنده‌ داری ماسیحه‌یان هه‌ڵده‌گرت دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر, ئیتر ده‌توانێ چی بكات.

ئاسۆ مامه‌ند یه‌كێك له‌ سه‌رانی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر بۆ شاردنه‌وه‌ی شكسته‌كانیان له‌ كه‌ركووك و هه‌وڵی لادانی رێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك، ئاڵای كوردستانی له‌سه‌ر باره‌گه‌كه‌یان هه‌ڵكرد، به‌ڵام نه‌یتوانی 24 سه‌عات بیپارێزێت و دایگرته‌وه‌.

ڕاكان جبووری پارێزگاری سه‌پێنراوی كه‌ركووك ڕایگه‌یاند ، ئاسۆ مامه‌ند له‌لای ئێمه‌ حیسابی بۆ ناكرێ و له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر هێرشمان كرده‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ی له‌ گوندی قه‌ره‌به‌گ و ته‌واوی ئه‌و بازگانه‌مان سووتاند كه‌ پاسه‌وانی تێدا دانابوو بۆ پاراستنی ماڵه‌كه‌ی.

جبوری زیاتر ڕونیكرده‌وه‌، له‌ دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ئاسۆ مامه‌ند قه‌ده‌غه‌ بوو بۆ خۆیشی كه‌ پاسه‌وانه‌كانی چه‌ك هه‌ڵبگرن و سه‌ره‌تا ته‌نیا ڕێگه‌مان دا سۆنده‌ و دار هه‌ڵبگرن، دواتر و تا ئێسته‌یش هه‌رخۆمان پاسه‌وانمان بۆ داناوه‌ و ئه‌و كه‌سێك نییه‌ بتوانێت كارێك دژی ئێمه‌ بكات.

ئاسۆ مامه‌ند به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی دووی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌ له‌ كه‌ركووك و به‌ یه‌كێك له‌ سه‌رانی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر داده‌نرێ، شه‌وی رووداوه‌كه‌ به‌ ئاشكرا له‌ میدیاوه‌ داوای له‌ خه‌ڵكی خرۆشاوی كه‌ركووك ده‌كرد بچنه‌ ماڵه‌كانیان و ده‌گوت هیچ نابێ، به‌ڵام چه‌ند سه‌عاتێك دواتر كه‌ركووك پێشكه‌شی میلیشیاكان كرا. ‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌له‌وكاته‌یشه‌وه‌ كورد هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی له‌و شاره‌دا نه‌ما، كه‌ پێشتر زۆرینه‌ی به‌ده‌ست یه‌كێتییه‌وه‌ بوو.

به‌شێك كه‌ركووكییه‌كان شه‌وی 8 له‌سه‌ر 9ی ئه‌م مانگه‌ له‌ كاتی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان به‌ هه‌ستێكی كوردانه‌وه‌ رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان بۆ ئاهه‌نگ، به‌ڵام زوو سه‌ركوت كران و هیچ لایه‌نێك به‌رگری لێ نه‌كردن له‌ شاره‌كه‌دا.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.

Back to top button