هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا لیوایه‌كی 2000 سه‌ربازی دروست ده‌كه‌ن

خواكوڕك

دوای ئه‌وی ساڵی پار هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانی خوارووی دیجله‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی ناوچه‌كانیان، ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌ گوتەبێژی فەرمی هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند، لیوایەكی پێشمەرگە لە عەرەبی رۆژئاوای دیجلە دروست دەكرێت، هه‌ر ئەمڕۆش دەست بە پرۆسەی ناونووسین دەكرێت.

مەزاحم ئەحمەد ئەلحوێت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتیی كوردستانی ڕاگەیاندووە: “سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی كردووە‌ بە دروستكردنی لیوایەك بۆ عەرەب لەنێو هێزی پێشمەرگەدا، ئەوانەی دەكەونە ناوچەكانی ڕۆژئاوای دیجلە و پێك دێن لە (زوممار، ڕەبیعە، عیازییە و بەشێك لە شنگال) كە ناوچەی ئازادكراون”.

ئەلحوێت كە هاوكات سەرۆكی عەشیرەتی جحێشە، ئاماژەی بەوە داوە: “لیوایەكە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان دەبێت و ئەوانەشی ناونووس دەكرێن، لە كەسانی عەرەبی ناوچەكە دەبن و ئێمەیش وەكو هۆزە عەرەبەكانی نەینەوا و ناوچەكە كە رۆژئاوای دیجلەیە، پێشوازی لە دروستكردنی لیوایەكە دەكەین لەبەر ئەوەی حەز ناكەین و نامانەوێت گەنج و خەڵكی عەشیرەتەكانی ئێمە بكەونە پاڵ حەشدی شەعبی یاخود هەر لایەكی تر، چونكە دروستكردنی ئەم لیوایە داواكاریی عەشیرەتە عەرەبەكانی ئێمە بوو لە رۆژئاوای دیجلە بۆ سەرۆك بارزانی پێش سالێك و، بگرە پێش هاتنی تیرۆریستانی داعش و پاش هاتنیشیان و تێیدا داوای دروستكردنی هێزێكی پێشمەرگە لە پێكهاتەی ناوچەكە كرا كە پەیوەندییەكی مێژوویی لە نێوان كورد و عەرەبدا هەیە”.

هەروەها له‌باره‌ی نانسنامه‌ی ناوچه‌كانیشیانه‌وه‌ گوتی: “عەرەب دەبینن هیچ كەسێك ناتوانێت لەم ناوچانەدا بیانپارێزێت، وەك دەبینین ئەمڕۆ كەس سوودی بۆمان نییە نە مووسڵ و نە بەغدا، تەنها كوردستان نەبێت و ئەو خاكەی كە پێشمەرگەیش دەیپارێزێت كوردستانییە و عەرەبی ئەو ناوچانەیش سەركەوتن و قارەمانیەتیی پێشمەرگەیان بینی كە چۆن ناوچەكانمانی رزگار كرد لە دەستی تیرۆریستانی داعش و دەیانپارێزێت، لەبەر ئەوەی ئێمەی عەرەب نامانەوێت هیچ هێزێك یان سوپای عێراقی بێتە ناوچەكانمان و ڕەتی دەكەینەوە، چونكە ئێمە و پێشمەرگە دەستلەناودەستین و ناوچەكانمان كوردستانین‌”.

دەشڵێت: “پرۆسەی ناونووسین ئەمڕۆ دەست پێ دەكات لە ناوچەكانی سنووری رۆژئاوای دیجلە و تا 2 هەزار كەس یان زیاتریش دەبێت”

Back to top button