سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق بە وەكالەت: ناوچە كێشە لەسەرەكان بە بێ‌ پێشمەرگە نا پارێزرێن

 

دوای ئەوەی حەشدی شەعبی هێڕشی كردە سەر بەشێكی خاكی كوردستان و كەركووك و چەند ناوچەیەكی داگیركرد, لە دوای كشانەوەی پێشمەرگە كەلێنێكی گەورەی ئەمنی لە ناوچەكەدا دروستبووە, جموجۆلی داعش لەو ناوچانە روو لە زیاد بوونە, سەرۆكئەركانی سوپای عێراق دەڵێت:” لە هەوڵدان بۆ ئەوەی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هەماهەنگی دروست بكەن بۆ پاراستنی ناوچە كێشەلەسەرەكان, چونكە بە بێ‌ پێشمەرگە ئەو ناوچانە ناپارێزرێن.

د. ناسر یوسف، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: “ئەمڕۆ وەك لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەران سەردانی سەرۆكئەركانی سوپای عێراقمان كرد. سەرۆكئەركان جەختی لەوە كردەوە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هەماهەنگی دروست بكەن بۆ پاراستنی ناوچە كێشەلەسەرەكان و، جەختیشی كردەوە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە پاراستنی ئەو ناوچانە زۆر ئەستەمە.”

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاماژەیشی دا: “حكوومەتی عێراق گەیشتووەتە ئەو ڕاستییەی ناوچە ناكۆكەكان ناپارێزرێن ئەگەر بێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە نەبێت و، خەڵكی ناوچەكان لە پاراستنی ناوچەكانیاندا بەشدارییان پێ نەكرێت. چەند هەنگاوێكیش نراوە بۆ دروستكردنەوەی هەماهەنگی لە نێوان هێزەكانی عێراق و پێشمەرگەی كوردستان. كۆبوونەوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقیش بەردەوامن بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و ناوچەكانی تر.”

د. ناسر یوسف ئاشكرایشی كرد: “ڕۆژ بە ڕۆژ مەترسیی گرووپە تیرۆریستییەكان لە ناوچە كێشەلەسەرەكان زیاتر دەبێت و، ئەو ناوچانە كۆنترۆڵ ناكرێن تاوەكو هێزی پێشمەرگەیان بۆ نەگەڕێتەوە و لە پاراستنیاندا بەشداریی پێ نەكرێت .”

Back to top button