لە خانەقین بەهاوكاری هێزە عێراقیەكان هەڕەشە لە كورد دەكرێت

 

 

دوای ئەوەی بە هۆی خیانەتی یەكێتی لە 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو كەركووك و خانەقین و بەشێكی زری خاكی كوردستان داگیركران, بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین لە بارەی ڕەوشی خانەقیندا دەڵێ، ئێستا لە نێو خانەقین هەڕەشە لەسەر كوردەكان هەیە و هێزە عێراقییەكانیش بێدەنگن.

شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: “پێشتر گرووپە چەكدارەكان بە ناوی داعش لە گوندەكانی دەوروبەری خانەقین ھەڕەشەیان لە كوردەكان دەكرد و خەڵكی زۆرینەی گوندەكان ماڵوحاڵی خۆیان جێ ھێشتووە و نزیكەی ١٥ گوندیش ھەر چۆڵ كراون و ئێستا دوای گوندەكان ھەڕەشەكان گەیشتوونەتە نێو خانەقین و گرووپی چەكداریی ٢٠ كەسی دروست بوونە و لە نێو خانەقین تەقە لە خەڵكی دەكەن و پێش دوو ڕۆژیش تەقەیان لە دوو مێردمنداڵ كرد و بریندار بوون، ئەمڕۆش بە ھۆی سەختیی برینەكەی یەكێكیان گیانی لە دەست دا.”

شێخ جەعفەر گوتیشی: “هێزە عێراقییەكان لە ئاست ھەڕەشەكان بێدەنگن و ھیچ كاردانەوەیان نییە.”

باسی لەوەش كرد: “پێویستە بەپەلە چارەیەك بۆ ئەو دۆخە بدۆزرێتەوە و ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە، چونكە ھەموو پێكھاتە و نەتەوەكان داوای گەڕانەوەی پارتی و پێشمەرگە بۆ خانەقین دەكەن.”

شێخ جەعفەر دەشڵێ: “بە ھۆی ئەو ھەڕەشانەوە لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە٦٠٠ ماڵ ناوشاری خانەقینیان جێ ھێشتووە، جگە لەوەی گوندەكانیش چۆڵ كراون.”

Back to top button