بە ڤیدیۆ: ژنێكی دەستگیركراوی پەكەكە, ئاسایشی سلێمانی سوكایەتیان پێكردین و لێیان داین

 

دوای ئەوەی ئەندامانی تەڤگەری ئازادی سەر بە پەكەكە لە سلێمانی ویستیان فلیمێك كە باس لە رۆلی ژنێكی پەكەكە دەكات لە سینەما ساڵم نمایشبكرێت, ئاسایشی یەكێتی رێگری لێكرد, پاشان ئەندامانی تەڤگەر بەرەو پاركی ئازادی چوون بۆ نمایشكردنی فیلمەكە, دیسان لە لایەن ئاسایش رێگریان لێكرا, نزیكەی 70 كەس دەستگیركرا, یەكێك لەو ژنانەی لەلایەن ئاسایشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی دەستگیر كرابوو، ئاماژە بەوە دەكات كە لەلایەن ئاسایشەوە ئەشكەنجە دراوە و سووكایەتی پێ كراوە.
سەیران محەمەد كە ڕۆژی هەینی لەگەڵ دوو منداڵی تەمەن حەوت ساڵ و هەشت ساڵانەكەی، هەروەها لەگەڵ ژمارەیەك ژن و پیاوی دیكەی سەر بە گرووپەكانی لایەنگری پەكەكە لە سلێمانی دەستگیر كران و دواتر ئازاد كران، بە میدیاكانی پەكەكەی ڕاگەیاندووە، لە كاتێكدا سەرقاڵ بوون فیلمێك لەبارەی ژیانی ساكینە جانسز نمایش بكەن، “لەناكاو ١٢ مێكزەمین (ئۆتۆمبێلی ئاسایش) دەوریان دام و شەش كەس قۆڵیان گرتم و لەسەر زەوی پاڵیانخستم، قاچیان لە سەر پشتم دانا، دواتر بە قژڕاكێشان و داری كارەبایی منیان خستە ئۆتۆمۆبێلەكەوە”.
ئەو ئافرەتە باس لەوە دەكات كە بە شەق و تێهەڵدان و ”دونیایەك جنێو“ لەگەڵ منداڵەكانی و چەندان ژنی دیكە، لە حەوشەی ئاسایشدا ”فڕێیان داین“ و لە كەشێكی سارددا جێیان هێشتوون. باسیش لەوە دەكات: ”ژنەكان لەنێو حەوشەكەدا دەبوورانەوە و ئاسایشەكان جنێو و تەشهیریان پێمان دەكرد، تا كاتژمێر ٩:٣٠ی شەو ماینەوە، پەرتەوازەیان كردین. ئێمەیان كردە چەند پۆلێك، ٨ كەس لە ئێمە ماینەوە، بەڕێوەبەری ئاسایش درۆی لەگەڵ كردین بۆ ئەوەی جیامان بكەنەوە، گوتی هەڤاڵەكانتان ئازاد كراون“.
سەیران ئاشكرای كردووە كە بەهۆی ئەوەی دوو منداڵی لەگەڵدا بووە و كەس ئامادە نەبووە منداڵەكان لەخۆوە بگرێت، بە بارمتە ئازاد كراوە.

Back to top button