بەڤیدیۆ.. بەشار ئەسەد باسی كورد و سەربەخۆیی کوردستان دەکات
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی سووریا لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا، رایگەیاندووە، پێی وایە چارەسەری کێشەی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا بەندە بە ”راستگۆی“ی رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا و بە ئاشکراش رایگەیاندووە، کە ئەو متمانەی بە ئەردۆغان نییە، رۆژنامەنووسەکە، کە بە تورکی پرسیارەکانی دەکات، باس لە کۆبوونەوەیەکی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و ئەردۆغان دەکات و رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی نەتەوە جیاوازەکانی ناوچەکەیان کردووە.
سەرۆکی رژێمی سووریا جەختی پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە هەر چوار وڵاتی سووریا، تورکیا، ئێران و عێراق کردووەتەوە و رایگەیاندووە، کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەن خاکە و هەزاران ساڵە لێرە دەژین، ئەوان میوان نین.
بەشار ئەسەد، کە رژێمەکەی هاووڵاتییانی رۆژئاوای کوردستانی تەنانەت لە مافی پێدانی ناسنامە بێ بەش کردبوو، پێی وایە ئەگەر هەر چوار ولاتەکەی داگیرکەری کوردستان مافەکانی گەلی کورد بە تەواوی بدەن و وەک هاووڵاتییەکی پلە یەک و ئاسایی سەیریان بکەن، ئەوا کوردیش هەولی جیابوونەوە و سەربەخۆیی نادات.