بنەماڵەی تاڵەبانی و کۆسرەت ڕەسوڵ چ داوایەكیان لە مەلا بەختیار کردووە.؟

هەرچەندە بنەماڵەی تاڵەبانی لەلایەك و خودی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەکی دیکەوە، داوایان لێ کردووە سەرۆکایەتیی شاندی حزبەکە بکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی، بەڵام مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی داواکەی ڕەت کردۆتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (خواكـورك) کەوتووە، نیگەرانییەکانی مەلا بەختیار لەنێو یەکێتی بەردەوامە و بنەماڵەی تاڵەبانیش بە مەبەستی ڕازیکردنی، چەند جارێك داوای گەڕانەوەیان لێکردووە، تەنانەت دوایین جار داوایان لێکردووە سەرۆکایەتیی شاندی یەکێتی بکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی، بەڵام مەلا بەختیار داواکارییەکەی ڕەت کردووەتەوە.

(خواكـورك) به‌پشت به‌ستن به‌ زانیارییه‌كانی، پاش بێهیوابوونی بنەماڵەی تاڵەبانی لەمبارەیەوە، کۆسرەت ڕەسوڵ هەمان داواکاری ئاراستەی مەلا بەختیار کردووە، تاوەکوو لەلایەکەوە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی یەکێتی لەسەر شاندەکەیان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی کۆتایی پێ بهێنێت و مەلا بەختیاریش چیتر نیگەرانییەکانی نەمێنێت، بەڵام لێپرسراوەکەی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەو داوایەی ڕەت کردۆتەوە.

هەرچەندە مەلا بەختیار تا دوا سات، کاندیدی یەکێتی بوو بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، بەڵام گرووپێک لە بنەماڵەی تاڵەبانییەکان بەرهەم ساڵحیان گەڕاندەوە نێو حزبەکە و پۆستەکەیان پێ دا، بەو هۆیەشەوە مەلا بەختیار چیتر بەشداری لە دانیشتنەکانی یەکێتی نەکرد.

پێشتر فەرید ئەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕاگەیاند بوو، ماوەیەکە مەلا بەختیار، سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ناکات، ھەرچەندە داوای لێکراوە کە بگەڕێتەوە سەر ئیش و کارەکانی خۆی، بەڵام تاوەکوو ئێستا ھیچ بڕیارێکی بۆ گەڕانەوە نەداوە.

 

Back to top button