پادشای ئوردن و وەزیری دەرەوەی فڕەنسا گەیشتنە بەغدا .. بڕیاره سەردانی هەولێریش بكهن..
لە دوو سەردانی جیاوازدا، كەمێك پێش ئێستە، عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردن و جان ئیف لودریان وەزیری دەرەوەی فڕەنسا گەیشتنە بەغدا، بڕیارە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراقی كۆ ببنەوە و دواتریش وەزیری دەرەوەی فڕەنسا سەردانی هەولێر دەكات.
ئەمڕۆ دووشەممه شا عەبدوڵای دووەم، شای مەملەكەتی هاشمی ئوردن بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغدا، هاوشانی سەردانەكەی شای ئوردن، جان ئیف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فڕەنساش گەیشتە بەغدا لە دوو سەردانی جیاوازدا.
شای ئوردن و وەزیری دەرەوەی فڕەنسا لە بەغدا لەگەڵ سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی كۆمار كۆ دەبنەوە، سەردانەكەش هاوكاتە لەگەڵ كۆتایی هاتنی سەردانی پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و سەردانەكەی ئێستەی زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران كە ئێوارەی دوێنێ گەیشتە بەغدا.
ئیف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فڕەنسا، بڕیارە دوای بەغدا سەردانی هەولێریش بكات لەگەڵ بارزانی و سەرۆكی حكوومەت و راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە.
هێشتا بە فەرمی ئەجێندای سەردانەكەی شای ئوردن و وەزیری دەرەوەی فڕەنسا روون نەبووەتەوە، بەڵام پرسی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان ئوردن و عێراق كە لە ماوەی نزیكی رابردوودا بەرەو پێشچوونی بەخۆیەوە دیوە، یەكێك دەبێت لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكانی شای ئوردن، هاوكات بەرەنگار بوونەوەی تیرۆریش دۆسیەیەكی هەمیشە ئامادەیە.