كۆبونه‌وه‌ی  شاندی باڵای پارتی و یه‌كێتی ده‌ستی پێكرد

كه‌مێك پێش ئێستا كۆبونه‌وه‌ی شاندی باڵای پارتی و یه‌كێتی له‌ شارى هه‌ولێر ده‌ستی پێكرد‌، لە كاتێكدایە بڕیاربوو لە دوو ھەفتەی رابردوودا كۆبوونەوەكە ئەنجامبدرێت، بەڵام دووجار كۆبوونەوەكە دواخرا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی پرسى پێكهێنانى كابينه‌ى نۆيه‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و پرسه‌كانى په‌يوه‌ست به‌ كه‌ركووك و به‌غدا تاوتوێ ده‌كرێن و تائێستا دیدو تێروانینی پارتی و یه‌كێتی بۆ پێكهینانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جیاوازه‌ .

شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان پێكھاتووە له‌ نێیچرڤان بارزانی و لە مەسروور بارزانی، كاندیدی پارتی بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی و ھۆشیار زێباری و مەحموود محەمەد و ئازاد بەرواری و جەعفەر ئیمینكی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان.

ھەروەھا شاندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە لایەن كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی سەرپەرشتی دەكرێت و ئەندامانی شاندەكە پێكھاتوون لە حاكم قادر حەمەجان و عومەر فەتاح و سەعدی پیرە و باڤڵ تاڵەبانی و رەفعەت عەبدوڵڵا و قوباد تاڵەبانی”.

ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی9ی2018 بەڕێوەچوو. چەند رۆژێك دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكان، شەوی 20/10/2018، كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان، ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی بڵاوكردەوە و پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بەدەستھێنانی 45 كورسی پەرلەمانی بووە براوەی یەكەمی ھەڵبژاردن ،به‌ڵام هاوڵاتیان نیگه‌رانن له‌ دواكه‌وتنی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم.

Back to top button